سەرۆک بارزانی: جەمال نەبەز خزمه‌تی زۆری به بواری رۆشنبیری و هۆشیاریی كردووە و جێدەستی دیارە
K24 – هه‌ولێر:
سەرۆک مسعود بارزانی پرسەنامەیەک بەبۆنەی کۆچی دوایی بیرمەندی کورد، جەمال نەبەز، بڵاوکردەوە و تیایدا ستایشی خزمەتی جەمال نەبەز لە بوارەکانی رۆشنبیری و هۆشیاریی کۆمەڵایەتی و سیاسی دەکات.
سه‌رۆك بارزانی له پرسه‌نامه‌كه‌دا رایده‌گه‌یه‌نێت، پڕۆفیسۆر دكتۆر جه‌مال نه‌به‌ز خزمه‌تی زۆری به بواری رۆشنبیری و هۆشیاریی كردووە و جێدەستی دیارە و بەرهەم و كارەكانی جێگەی پێزانینە.
ئەمڕۆ شەممە 08/12/2018، جەمال نەبەز، نووسەر، رۆشنبیر و مێژوونووسی ناوداری کورد لە ئەڵمانیا کۆچی دوایی کرد.
پرۆفیسۆر جەمال نەبەز لە ساڵی 1933 لە شاری سلێمانی لەدایکبووە. لە سەرەتای خوێندنیدا جگە لە خوێندنی ئیسلامی، فەلسەفە و دەرونزانی و فیزیا و ماتماتیکی خوێندووە.
لە نیوەی یەکەمی پەنجاکانی سەدەی رابردوودا لە زانکۆی بەغدا، فیزیا و ماتماتیکی خوێندووە. پاشان لە شارەکانی کەرکووک، هەولێر، بەغدا و بەسرە وانەی گوتووەتەوە.
دوای 28 ساڵ ژیان چووەتە ئەوروپا بۆ تەواوکردنی خوێندن و پاشان لە زانکۆکانی مینوخ و ئۆزبورگ خوێندنی ئیسلامیی و ئێرانناسی و شێوازی گوتنەوەی وانەی خوێندووە.
لەساڵی 1967-1970 لە زانکۆی هامبۆرگ خوێندوویەتی و هەر لەو ساڵانەدا لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی، یەکێتیی نەتەوەیی خوێندکارانی کوردیان دامەزراندووە.
لە ساڵی 1970-1979 لە زانکۆی بەرلینی ئازاد زانستە سیاسییەکان و رۆژنامەنووسی و یاسای خوێندووە. هەروەها یەکێکە لە دامەزرێنەرانی کاژ‌یک.
ئەو بیرەمەندە جیا لە نووسینی چەند کتێبێک، وەرگێڕانی بۆ چەندین کتێبی دیکە کردووە کە بەرهەمەکانی ویلیا‌م شەیکسپیەر لە نێوانیاندا هەیە.
دەقی پرسەنامەکەی سەرۆک بارزانی:
ناوی خودای مەزن و دلۆڤان،
بۆ خانەوادەی بەڕێزی خوالێخۆشبوو پڕۆفیسۆر د. جه‌مال نه‌به‌ز
به‌داخه‌وه هه‌واڵی كۆچی دوایی بیرمەندی گه‌له‌كه‌مان پڕۆفیسۆر دكتۆر (جه‌مال نه‌به‌ز)ـم پێگه‌یشت.
پڕۆفیسۆر دكتۆر جه‌مال نه‌به‌ز خزمه‌تی زۆری به بواری رۆشنبیری و هۆشیاریی كردووە و جێدەستی دیارە و بەرهەم و كارەكانی جێگەی پێزانینە.
له‌م بۆنه خه‌مناكه‌دا، پرسه و سه‌ره‌خۆشی خۆم ئاڕاسته‌ی ئێوە و كەسوكار و ئاشنایانی خوالێخۆشبوو و، سه‌رجه‌م ڕووناكبیر و نووسه‌ران و ڕۆشنبیران ده‌كه‌م.
لە خوای گەورە داواكارم گیانی خوالێخۆشبوو بە بەھەشتی بەرین شاد بكات و سەبر و ئارامییش بە هەموو لایەكمان ببەخشێت.