لایه‌نه‌ ناڕازییه‌كان په‌نا بۆ په‌رله‌مانی عێراق ده‌به‌ن

داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن ده‌كرێت
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

گۆڕان و یەکگرتوو و کۆمەڵی ئیسلامی لەرێگەی پڕۆژە یاسایەکەوە لە پەرلەمانی عێراق هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن دەدەن، ئەندامێكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقیش لە فڕاكسیۆنی پارتی دەڵێت، هه‌وڵی ئه‌و لایه‌نانه‌ درەنگ وەخت و نایاساییە.

پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەوە دەخاتەروو لە كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق گفتوگۆ لەبارەی ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكانی ھەڵبژاردن دەكردێت.

ئەمین بەكر، پەرلەمانتاری عێراق لە فراكسیۆنی گۆڕان بە كوردستان24 راگەیاند: "بیر لەوەكراوەتەوە ھەرجۆرێك بێت ئەو ھەڵبژاردنە رەتبكرێتەوە، یەكێك لەو رێگایانە پڕۆژەیەكی یاسایە كە تێیدا باسی ھەڵوەشاندنەوەی كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی عێراق دەكات، لەجێگەی ئەو كۆمسیۆنە كۆمەڵێك دادوەر لەلایەن ئەنجوومەنی دادوەری دابندرێن، بۆ سەرپەرشتی كردنی كۆمسیۆن، ھەروەھا قسە لەسەر ئەوە دەكرێت ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان ئەنجام بدرێتەوە".

ھەر پەیوەست بەو باسەوە ئەردەلان نورەدین، پەرلەمانتاری عێراق لە فراكسیۆنی پارتی دەڵێت: "بابەتی رەتكردنەوەی ھەڵبژاردن و ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكانی ھەڵبژاردن بابەتێكی بەسەرچووە و ئێستا نوێ ناكرێتەوە، ئێستا لایەنەكان سەرقاڵی گفتوگۆكردنن بۆ پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق، بۆیە ئێستا نە یاسا رێگەی پێنادات ھەڵبژاردنەكە ھەڵبوەشێتەوە نە لایەنەكانیش ئەو ئامادەییەیان تێدایە و نە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ھاتووەتە سەرخەت بۆ ئەو بابەتە".

دوای راگەیاندنی ئەنجامەكانی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ژمارەیەك لە لایەنە سیاسییەكانی ھەرێمی كوردستان ھەڵبژاردنەكەیان رەتكردەوە و رایانگەیاند كە ساختەكاری كراوە، تائێستاش بڕیاری كۆتاییان لەبارەی بەشداریكردن لە پرۆسەی سیاسی عێراق یان بایكۆتكردنی نەداوە.

ھ.م