شاعیر و میدیاکار قادر بەشدار كۆچی دوایی كرد

لە كۆیە بەخاكدەسپێردێت

K24 - ھەولێر

دوای تێکچوونی باری تەندروستی، شەوی رابردوو شاعیر و میدیاکار قادر بەشدار، کۆچی دوایی کرد.

بەگوێرەی زانیارییەكانی پەیامنێری كوردستان24، بڕیارە لە رێوڕەسمێكدا ئەمڕۆ لە تەرمەكەی مزگەوتی خانە لە کۆیه بەرەو گۆڕستان ببڕێت و بەخاک بسپێردرێت.

قادر بەشدار، ساڵی 1962 لە گەڕەکی بایزئاغا لە کۆیە لەدایکبووە، ساڵێک پێش ئێستا دووچاری جەڵتەی دڵ بووە، بەڵام دوای وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی باری تەندروستی بەرەو باشبوون چوو. دوێنێ جارێكی دیكە باری تەندروستی تێکچوو، شەوی رابردوو 22/2/2020 لە نەخۆشخانەی رزگاری لە شاری هەولێر کۆچی دوایی کرد.

قادر بەشدار، ماوەی 21 ساڵ وەك راگەیاندنكار لە چەند دەزگایەكی راگەیاندن كاری كردووە، لەم چەند ساڵەی دواییدا وەك فۆتۆگرافەر دەستی كردبوو بە ئەرشیف كردنی كۆیە.

ھ.م