ترەمپ داوایەك لە ئۆپێك دەكات

كۆبوونەوەی رێكخراوی ئۆپێك بەڕێوەدەچێت

K24 - ھەولێر

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بۆ ئۆپێك رایدەگەیێنێت، وڵاتانی جیھان نایانەوێت نرخی نەوت بەرزببێتەوە.

ئەمڕۆ كۆبوونەوەی ئۆپێك لە ڤییەنا بەڕێوەدەچێت و تێدا وڵاتانی ئەندام و نا ئەندام لەو رێكخراوەیە باس لە پرسی كەمكردنەوەی ئاستی بەرھەمھێنانی نەوت دەكەن. بۆ ئەو مەبەستەش ترەمپ رایگەیاندووە، كە ھیوادارە رێكخراوی ئۆپێك دەستكاری نرخی نەوت نەكات و بە جێگیری بمێنێتەوە و ئاماژەی بەوەشدا وڵاتانی جیھان نایانەوێت نرخی نەوت بەرزببێتەوە. ئەم گوتانەی ترەمپ بەر لە دەستپێكردنی كۆبوونەوەكەی ئۆپێك بڵاوكراوەتەوە.

ئەمە لە كاتێكدایە بەر لە دەستپێكردنی كۆبوونەوەی ئۆپێك دەستبەجێ نرخی نەوت رووی لە دابەزین كرد، بەجۆرێك خاوی برێنت 52 سەنت دابەزی و ھەر بەرمیلێك گەیشتە 61 دۆلار و 56 سەنت.

ھاوكات دەربارەی سزا سەپێندراوەكانی سەر كەرتی نەوتی ئێران لەلایەن ئەمەریكاوە، حكوومەتی ئێران ئاماژە بەوەدەدات، تا ئێران لە ژێر سزاكانی ئەمریكا بێت، ئەوە تاوتوێكردنی پشكی نەوتی ئەو وڵاتە مەحاڵ دەبێت.

بەگوێرەی ئاژانسە ھەواڵگرییە فەرمییەكانی ئێران، كە لەسەر زاری بێژەن زەنگەنە، وەزیری نەوتی ئێران بڵاویانكردووەتەوە، ئێران لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی ئۆپێك بەھیچ شێوەیەك باس لە پشكی نەوتی خۆی ناكات و تا سزاكانی ئەمەریكا بەسەریدا مابێت، ئەوە ئەستەمە بگەنە رێككەوتن.