وه‌زیری ته‌ندروستی عێراق پێشبینی كاتی كۆتاییهاتنی كۆرۆنا ده‌كات

له‌ رێكاره‌كانی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا هه‌رێمی كوردستان و عێراق و ئوردن سێ له‌ باشترین شوێنه‌كانی جیهانن
kurdistan24.net

K24- هه‌ولێر:

وەزیری تەندروستی عێراق پێشبینی دەکات، ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کۆتایی مانگی ئایار و سەرەتای حوزەیران کۆتایی بێت.

جەعفەر سادق عەللاوی، وەزیری تەندروستی عێراق لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند، هەرێمی کوردستان و عێراق بەپێی رێکارەکانی رێکخراوی تەندروستی بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا مامەڵە دەکەن و دووپاتیشی دەکاتەوە، هەرێمی کوردستان، عێراق و ئوردن باشترین شوێنن لەسەر ئاستی جیهان، کە بە باشی مامەڵەیان لەگەڵ ڤایرۆسی کۆرۆنادا کردووە.

وه‌زیری ته‌ندروستی عێراق جه‌ختی كرده‌وه‌، لەگەڵ دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان پەیوەندی باشمان هەیە و بەردەوام لە پەیوەندیداین، هەروەها هەرێمی کوردستان و عێراق بەپێی رێکارەکانی رێکخراوی تەندروستیی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان کاردەکەن.

لەبارەی جیاوازی لەنێوان رێژەی تووشبوون لە پارێزگایەك بۆ پارێزگایەکی دیکە گوتی: "بەڵێ جیاوازی هەیە، ئەو پارێزگایانەی پەیوەندیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران هەیە رێژەکەیان زۆر لە پارێزگاکانی دیکە زیاترە، ئێستا تەواوی سنوورەکانمان داخستووە، ئەمەش کاریگەری باشی هەبووە و سەرکەوتوو بووین".

دووپاتیشی كرده‌وه‌، "هەرێمی کوردستان، عێراق و ئوردن باشترین وڵاتن لەسەر ئاستی جیهان، ژمارەی تووشبووان لەسەر ئاستی عێراق نزیکەی هەزار و 500 تووشبووە و 750 یان چاکبوونەتەوە، بەڵام لە بەریتانیا و وڵاتانی دیکە رۆژانە هەزاران کەس تووشی ڤایرۆسەکە ده‌بن، ئەم سەرکەوتنەش بۆ کادیرانی تەندروستی عێراق و هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە".

گوتیشی: "هاتنی هاوین کاریگەری لەسەر نەمانی ڤایرۆسەکە دەبێت و ئێستاش ژمارەی تووشبووان کەمبووەتەوە، بۆیە پێشبینی دەکەم، تا کۆتایی مانگی ئایار و سەرەتای حوزەیران ڤایرۆسەکە لە تەواوی عێراق کۆتایی بێت".

H.B