کۆرۆنا مۆتەیەکی دیکە بۆ پەنابەرانی ئەڵمانیا

مێرکڵ هۆشداریی دەدات

K24- هەولێر:

ئەنگێلا مێرکڵ، راوێژکاری ئەڵمانیا هۆشداریی دا، پەتای کۆرۆنا زۆر بە خراپی کاری کردووەتە سەر پەنابەران.

داواش دەکات، پەنابەران لەم دۆخە سەختەدا فەرامۆش نەکرێن و هاوکاری پێویستیان پێشکەش بکرێت.

راوێژکاری ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەشداوە، بەهۆی کۆرۆنا چەندین کار، خولی زمان و پێگەیاندنی پەنابەران وەستێنراون، بەجۆرێک هەندێک لە پەنابەران مەترسی لەدەستدانی کارەکانیان هەیە.

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی فرانس پرێس، 40 پەنابەر بۆ سیمینارێکی حکومیی لە ئەڵمانیا داوەت کراون و باسیان لە رەوشیان بەدەست کۆرۆناوە کردووە، ئەمەش مێرکڵی هێناوەتە دەنگ.

ئەڵمانیا یەکێک بوو لە وڵاتانەی سنوورەکانی لە ساڵی 2014 بۆ پەنابەران واڵا کرد و دەیان هەزار پەنابەری سووریا و عێراق چوونە ئەو وڵاتە ئەوروپییە، لە ئێستاشدا، بەهۆی زیادبوونی حاڵەتەکانی کۆرۆنا، پەنابەران مەترسیی کەوتووەتە سەر دۆخی تەندروستی و داراییان.