فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا سنووری شارەدێی وەرتێ بۆردوومان دەكەن

سنووری چەند گوندێكی بناری قەندیل بۆردوومان دەكرێ

K24 - رواندز

پەیامێنری كوردستان24 لە دەڤەری سۆران رایگەیاند: "كەمێك پێش ئێستا ژمارەیەك فڕۆكەی جەنگی توركیا، بە بیانووی بنكە و بارەگاكانی پەكەكە دەستیان بە بۆردوومانی چەند گوندێكی سنووری شارەدێی وەرتێی سەر بە قەزای رواندز كردووە".

كوێستا ئەحمەد، قایمقامی قەزای رواندز بە كوردستان24 گوت: "تائێستا بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆسەر ناوچەكە بەردەوامە و ھەر یەك لە گوندەكانی زارگەلی و بۆكریسكان و گەلی بەدران بۆردوومان دەكەن".

ئەوە لەكاتێكدایە بەھۆی ئۆپەراسیۆنی سوپای توركیا دژی ھێزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لە ناوچەی برادۆستی سەر بە ناحییەی سیدەكان، بەشێك لە ھاووڵاتیانی گوندەكانی سەر سنوور ماڵ و حاڵیان جێھێشتووە. لەلایەكی دیكە لە 7/4/2018 سێ برا لە دەڤەری ئامێدی سەر بە پارێزگای دھۆك و پێشتریش سێ كەسی دیكە لە دۆڵی باڵەیانی سەر بە قەزادی چۆمانی سەر بە ھەولێر بەھۆی بۆردوومانەكانی توركیا گیانیان لە دەستدا.

چەندین ساڵە گوند و ئاواییەكانی باشووری كوردستان بە بیانووی بوونی بنكە و بارەگاكانی پەكەكە لەلایەن توركیاوە بۆردوومان دەكرێن و جگە لە ئاوارەبوونی خەڵكی لە ناوچە سنوورییەكان زۆرجار ھاووڵاتییان بوونەتە قوربانی.

ھ.م