مەسروور بارزانی: خواستی سەربەخۆیی خواستێکی لە مێژینە و رەوای گەلی کوردە

"هەرێمی کوردستان هیچ نیازێکی دوژمنکارانەی بەرامبەر بە دراوسێکان نییە"

K24 - هه‌ولێر:

 مەسروور بارزانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، رایده‌گه‌یه‌نێت، هەڵوێستی ئەمەریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە پاڵپشتییکردنی حکوومەتی عێراق، ئەو پەرچەکردارەی عێراق و دراوسێکانی لێکەوتەوە.

مەسروور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا، لەگەڵ بەرنامەی بەناوبانگی (هاردتۆک) ی کەناڵی BBCی بەریتانی، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، هەڵوێستی ئەمەریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە پاڵپشتییكردنى حکوومەتی عێراق ئەو پەرچەکردارەی عێراق و دراوسێکانی لێ کەوتەوە.

گوتیشی: "هەرێمی کوردستان هیچ نیازێکی دوژمنکارانەی بەرامبەر بە دراوسێکان نییە".

مەسروور بارزانی گوتیشی: "خواستی سەربەخۆیی خواستێکی لە مێژینە و ڕەوای گەلی کوردە و بڕیاری رێفراندۆمیش بڕیاری هەموو هاووڵاتیانی کوردستان بووە".

راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، ئامادەیی هەرێمی کوردستانیشی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا دەربڕی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و لەمبارەیەوە گوتی: " لە پێناو چارەسەریی کێشەکان، پێشتر و دوای ریفراندۆمیش داوای گفتوگۆمان کردووە لەگەڵ بەغدا".

راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، روونیشیکردەوە حکوومەتی عێراق بە هۆی پێشێلکردنی 55 ماددەی دەستوور، خەڵکی کوردستانی بەرەو ریفراندۆم هاندا.