داعش وێنەی سووتاندنی دوو ماڵی كورد بڵاو دەكاتەوە
K24 - گەرمیان
دوای ئەوەی دوو رۆژ لەمەوبەر داعش ماڵی دوو كوردی كاكەیی لە گوندێكی سنووری خانەقین سووتاند، وێنەی كاتی سووتاندنی ماڵەكانی بڵاو كردەوە.
درەنگانی شەوی 11/2/2019 چەكدارانی داعش لە گوندی مێخاسی سنووری خانەقین، ماڵی دوو ھاووڵاتیی کوردی کاکەییان سووتاند. دواتر وێنەی كاتی سووتاندنی ئەو ماڵانەیان بڵاوكردەوە و داعش نووسیویەتی "ماڵی دوو ئاسایشمان سووتاند".
ئەمە لەكاتێكدایە پاش 16ی ئۆكتۆبەر ساڵی 2017، ھێزەكانی پێشمەرگە لەو ناوچانە كشاوەتەوە و بۆشایی ئەمنی دروست بووە، چەكدارانی داعش بە ئاسانی كردەوەی تیرۆرستی ئەنجام دەدەن، لەو ماوەیەشدا داعش چەندین كەسی لەو دەڤەرە رفاندووە و كوشتووە.