پێدانی پاسپۆرت دەست پێدەكاتەوە

سیستەمی نوێی پەیڕەو دەكرێت
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی زانیاری لەبارەی سیستمی نوێی پاسپۆرت بۆ كوردستان24 ئاشكرا دەكات و رایدەگەیەنێت پێدانی پاسپۆرت دەست پێدەكاتەوە.

سالار عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی بە كوردستان24 راگەیاند: "لە چەند رۆژی رابردوو سیستمی كۆنی پاسپۆرت وەستا و كاردەكرێت بۆ دەست پێكردنی سیستمی نوێ لە سەرانسەری عێراق، لە ھەرێمی كوردستان یەكەم پارێزگا لە سلێمانی ئەو سیستمە پەیڕەو دەكرێت".

گوتیشی: "بۆ كاركردن ئامێرەكانی سیستمی نوێی پاسپۆرت، تیمێك لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی عێراق ھاتوونەتە سلێمانی، بەم نزیكانە دەست بە پێدانی پاسپۆرت دەكەینەوە".

روونیكردەوە: "جاران لە ھاووڵاتیان بۆ پاسپۆرت لای وێنەگر وێنەیان دەگرت، لەمەودوا لەكاتی مامەڵە بە كامیرەیەكی پێشكەوتوو ئەفسەرێكی پاسپۆرت وێنە دەگرێت، پێویست ناكات ھاووڵاتیان لە دەرەوە وێنە بگرن، ھەروەھا گۆڕانكاری لە پەنجەمۆری ئەلكترۆنی كراوە و سەرجەم ئەو كێشانەی پێشتر ھەبوو چارەسەر دەكرێت، لە قۆناغی دووەمیشدا گۆرانكاری لە دیزاینی پاسپۆرت دەكرێت".

بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی راشیگەیاند: "لە ئێستادا سەرقاڵی بەستنی ئامێرە نوێیەكانین، دوای تەواوبوونی كارەكان لە چەند رۆژی داھاتوودا دەست پێدانی پاسپۆرت دەكەینەوە و بە فەرمی كاتی پێدانی پاسپۆرت رادەگەیەنین".