تارق حەرب: مەسرور بارزانی سەركردەیەكی نموونەییە

.
kurdistan24.net

K24 - بەغدا

تارق حەرب، پسپۆڕی دەستووری و یاسایی عێراقی رایدەگەیەنێت، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، وەك سەركردەیەكی نموونەیی لە ماوەی ساڵێكی كابینەی نۆیەمی حكومەت كاریكردووە و رووبەڕووی گەندەڵان بووەتەوە.

تارق حەرب، پسپۆڕی دەستووری و یاسایی عێراقی، لەبارەی ساڵێك تێپەڕبوون بەسەر كابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، بە كوردستان24ی راگەیاند: "توانا و زانستی مەسرور بارزانی لە بەڕێوەبردن، رەنگدانەوەی لەسەر كارەكانی حكومەت ھەبووە، لەماوەی ساڵێكدا سەرەڕای قەیران و ئاستەنگەكان، بەڵام توانی زۆر بە باشی سەركردایەتی حكومەت بكات، دەتوانم بڵێم سەركردەیەكی نموونەییە و رووبەڕووی گەندەڵان دەبێتەوە، ئەو سەركردەی حكومڕانییە و ئەو تیمەی لەگەڵیشی كاردەكەن لە حكومەت سەركەوتوون، بە عەقڵێكی فراوان كاردەكەن و گوێ بەو قسانە نادەن كە لە دژیان دەكرێ، زۆرجار پڕوپاگەندە دەكرێت بۆ تێكدانی دۆخەكە، بەڵام ئەوان گوێ بەو شتانە نادەن".

لەبارەی رێككەوتنی حكومەتی ھەرێم و عێراق لەسەر كێشە ھەڵپەسێردراوەكان، تارق حەرب، ئاماژەی بەوەدا: "دەسەڵاتی عێراق لە ساڵی رابردوو دەسەڵاتێكی ناسەقامگیربوو لە بڕیاردان، سەرۆك وەزیران دەستی لەكاركێشایەوە، لەگەڵ دەستبەكاربوونی كابینەی نوێ ھەندێك گۆڕانكاری لە حكومەتی عێراق روویدا، رێگریان كرد لەگەڵ حكومەتی ھەرێمی كوردستان بگەنە رێككەوتن، چونكە حكومەتی عێراق كاریگەری ناوخۆ و دەرەكی لەسەرە. بە بڕوای من كابینەی كازمی زیاتر بۆچوونە جیاوازەكان قبووڵ دەكات و كار بە دەستوور دەكات، بۆ ئەوەی پەیوەندی باشی لەگەڵ ھەرێمی كوردستان ھەبێت، دەبێ رێككەوتن لەسەر بنەماكانی دەستوور بكرێت و مافەكان پارێزراوبن". 

راشیگەیاند: "چارەسەری نێوان حكومەتی ھەرێم و بەغدا زۆر ئاسانە، بەڵام كابینەكەی كازمی كاتییە، لەگەڵ ئەوەشدا ھەوڵدەدات، پەیوەندییەكانی لەگەڵ ھەرێمی كوردستان باش بێت. بۆ رێككەوتنی كۆتایی دەبێ لەسەر بنەمای دەستوور كێشەكانی ھەرێم و عێراق چارەسەر بكرێن و ھەردوولا پێیەوە پابەندبن".