توركیا چه‌كی نوێ له‌سه‌ر كوردانی عه‌فرین تاقی ده‌كاته‌وه‌

وه‌زیری به‌رگری توركیا: له‌ كۆتایی مانگی داهاتوودا دوواین تاقیكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر چه‌كی درووستكراوی ناوخۆمان ده‌كه‌ین و دواتر راده‌ستی هێزه‌كانمان له‌ عه‌فرین ده‌كه‌ین

K24- هه‌ولێر:

نوره‌دین جانیكلی، وه‌زیری به‌رگری توركیا رایگه‌یاند، بڕیاره‌ وڵاته‌كه‌ی چه‌ك و كه‌ل و په‌لی سه‌ربازی نوێ، كه درووستكراوی ناوخۆی توركیایه‌، له‌چوارچێوه‌ی كرده‌ سه‌ربازییه‌كه‌یدا له‌ عه‌فرین، له‌ دژی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل یه‌په‌گه‌ به‌كاربهێنێت.

جانیكلی له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا له‌په‌راوێزی رێوره‌سمی كردنه‌وه‌ی پێشانگا و كۆنگره‌ی دۆحه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ به‌رگری ده‌ریاوانی "دیمدكس 2018" به‌ رۆژنامه‌نووسانی راگه‌یاند، له‌ كۆتایی مانگی داهاتوودا دوواین تاقیكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر به‌شێك له‌ چه‌كی درووستكراوی ناوخۆی توركیا ده‌كه‌ین و، دواتر ئه‌و چه‌كانه‌ راده‌ستی هێزه‌كانمان له‌ عه‌فرین ده‌كه‌ین.

وه‌زیری به‌رگری توركیا گوتی: "هێزه‌كانی توركیا به‌شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان چه‌ك و پێداویستی سه‌ربازی درووستكراوی ناوخۆی توركیا له‌ عه‌فرین به‌كارده‌هێنن"، دووپاتیشیكرده‌وه‌، "ته‌كنه‌لۆژیای پیشه‌سازی سه‌ربازی توركیا له‌ هیچه‌وه‌ ده‌ستی پێكرد و گه‌یشتۆته‌ قۆناغی به‌رهه‌مهێنان".

پێشتریش، له‌ 8ی ئه‌م مانگه‌، نوره‌دين جانيكلى، وه‌زيرى به‌رگرى توركيا رايگه‌ياند، هێزه‌كانى توركيا ئاماده‌كاريان كردووه‌ بۆ تاقيكردنه‌وه‌ى چه‌كێكى نوێ له‌ دژى هێزه‌ كوردييه‌كانى ناوچه‌ى عه‌فرين.

ئه‌و وه‌زيره‌ى توركيا، له‌ تویتێكدا، كه‌ له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵايه‌تى تويته‌ر بڵاويكردبۆوه‌، باسى له‌وه‌ كردبوو‌، توركيا مووشه‌كى كاتیۆشای پێشخستووه‌ و دامه‌زراوه‌ى ميكانيكى و كيميايى سه‌ربازى توركيا گۆڕانكارى به‌سه‌ردا هێناوه‌ و به‌م زووانه‌ له‌ دژى هێزه‌ كوردييه‌كانى عه‌فرين تاقيده‌كرێته‌وه‌.

روونيشيكرده‌وه‌، مووشه‌كه‌كه‌ مه‌وداى مامناوه‌نده‌، به‌ڵام تواناى وێرانكارى بۆ چوار ئه‌وه‌نده‌ى هاوشێوه‌كانى زياتر كراوه‌ و له‌ 2ى ئه‌م مانگه‌دا به‌ سه‌ركه‌وتوويى تاقيكراوه‌ته‌وه‌.

كاتژمێر (05:00)ى ئێواره‌ى رۆژى 20ى كانوونى دووه‌م/ يه‌نايرى 2018 سوپاى توركيا به‌ پشتيوانى 73 فڕۆكه‌ى جه‌نگى و تۆپخانه‌كانى سوپا و نوێترين جۆرى تانكى ئه‌ڵمانيى به‌ ياوه‌رى زياتر له‌ 25 هه‌زار چه‌كدارى گرووپ و ميليشيا به‌رهه‌ڵستكاره‌كانى سووريا، هێرشى زه‌مينى و ئاسمانى بۆ سه‌ر عه‌فرين ده‌ستپێكردووه‌.

H.B