"ئێران و توركیا به‌ كرده‌یی دژی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان نیین"

جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ باره‌ی پرسی ریفراندۆم و كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ ئاژانسێكی توركی ده‌دوێت

K24 - هه‌ولێر:

جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان، جەعفەر ئیمینکى رایگەیاند "پاش ئەنجامدانى ریفراندۆم، سەرکردایەتى سیاسى کورد دیاریکردنى سنوور و پرسى ناوچە کێشە لەسەرەکان لەگەڵ بەغدا  یەکلایی دەکاتەوە".

جەعفەر ئیمینکى، جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان، لە چاوپێکەوتنێکى لەگەڵ ئاژانسى ئانادۆڵو رایگه‌یاندووه‌: "پارتى دیموکراتى کوردستان هەوڵ بۆ ئەوە دەدات کە پەرلەمان لەسەر میکانیزمێکى دیموکراسى و یاسایی کارا بکرێتەوە، پارتى پێشتر رێککەوتنێکى دووقۆڵى لەگەڵ بزووتنەوەى گۆڕاندا هەبوو لە چوارچێوەى رێککەوتنەکەدا سەرۆکایەتى پەرلەمان پێکهێنرا، بەڵام لە ئێستادا ئەو رێککەوتنە بە تەواوى هەڵوەشێنراوەتەوە، بۆیە بۆ قۆناغى کاراکردنەوەى پەرلەمان پێویستە رێککەوتنێکى نوێ لە نێوان لایەنەکاندا بكرێته‌وه‌".

لەبارەى ئه‌و رێککەوتنە نوێیەی پارتى بە نیازە بیکات، جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان دەڵێت " قۆناغەکە وا دەخوازێت رێککەوتنێکى نوێ لە نێوان هەموو لایەنەکان بکرێت، بەڵام لە ئێستادا پەیوەندییەکانى نێوان پارتى دیموکراتى کوردستان، یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان و یەکگرتووى ئیسلامى زۆر باشە و ئەگەرى ئەوە هەیە رێککەوتنێکى نوێ لە نێوانمان بێتە ئاراوە بۆ دیاریکردنى سەرۆکایەتییەکى نوێش بۆ پەرلەمانى کوردستان، هیوادارین پەیوەندییەکانى نێوان پارتى دیموکراتى کوردستان و بزوتنەوەى گۆڕان ئاسایی ببێتەوە".

جه‌عفه‌ر ئیمینكی ئه‌وه‌شی گوتووه‌ " پارتى لەسەر بڕیارى خۆى سوورە و جارێکى دیکە قسە لەسەر ئەوە ناکات کە یوسف محەمەد ببێتەوە سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان".

سەبارەت بە کاتى کاراکردنەوەى پەرلەمانى کوردستان، جەعفەر ئیمینکى ئاشکراى دەکات کە هەوڵەکان بەردەوامن بۆ کاراکردنەوەى پەرلەمان و بە باشى دەزانن کە پێش ئەنجامدانى ریفراندۆم پەرلەمان کارا بکرێتەوە.

جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان ئەنجامدانى ریفراندۆمی بە یەکڕیزى نێو ماڵى کوردى بەستەوە و گوتى: "ئەگەر لایەنە سیاسییەکان یەکڕیز و تەبا بن، پێش ئەیلوولى ئەمساڵ ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی ئەنجام دەدەین، چونکە لە ئێستادا هاووڵاتییانى هەرێمى کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە بە هەموو پێوەرێک ئامادەن بۆ ئەنجامدانى ریفراندۆم، بە مەرجێک کۆمیسیۆنى هەڵبژاردن و راپرسى پێشوەخت ئاگادار بکرێتەوە لە ئەنجامدانى ریفراندۆم، چونکە لانیکەم دوو مانگیان پێویستە بۆ تەواوکردنى ئامادەکارییەکانیان بۆ ریفراندۆم".

له‌ درێژه‌ی گفتوگۆكه‌ی ئاژانسی ئه‌نادۆلو له‌گه‌ڵ جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان باسی قۆناغی دوای ریفراندۆم كراوه‌و له‌و باره‌یه‌وه‌ ئیمینكی گوتوویه‌تی" پێیوا نییە هەرێمى کوردستان دواى ئەنجامدانى ریفراندۆم رووبەڕووى قەیران و کۆسپى گەورە ببێتەوە و گوتی: "رەنگە چەند کۆسپێکى بچووک لێرە و لەوێ رووبەڕووى هەرێمى کوردستان بێتەوە، بەڵام پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان لەگەڵ تورکیا و ئێران وەک دوو وڵاتى درواسێ لە دۆخێکى ئاسایی دەمێنێتەوە".

ئیمینکى ئاشکراى دەکات کە هەریەک لە تورکیا، ئێران و عێراق لەوە ئاگادار کراونەتەوە کە هاووڵاتییانى هەرێمى کوردستان مەبەستیانە ریفراندۆم ئەنجام بدەن، هیچ کامێک لەو وڵاتانە بە کردەیی دژى سەربەخۆیی هەرێمى کوردستان نابن، بەڵکو دژایەتییەکە تەنها لە چوارچێوەى تیۆرى و لێدوانی نەرێنى دەبێت، نەک دژایەتى فەرمى".