لە رێگای بەرنامەیەک کۆنتڕۆڵی ئەو ڤیدیۆیانە بکە کە منداڵەکت تەماشای دەکات

یوتیوب کیدس ناهێڵێت منداڵەکەت تەماشای ڤیدیۆی نەشیاو بکات

K24- هه‌ولێر:

لە رێگای بەرنامەی یوتیوب کیدس (YouTube Kids) دەتوانی بە تەواوی کۆنتڕۆڵی هەموو ئەو ڤیدیۆ و کەناڵانەی ماڵپەڕی یوتیوب بکەیت کە منداڵەکەت تەماشای دەکات. ئەمەش بۆ ئەوەیە، منداڵەکەت لە کاتی تەماشاکردنی ئەو ماڵپەڕە، تەماشای ڤیدیۆی نەشیاو نەکات.

بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی، چەند توێژینەوەیەک هۆشداریان لەسەر بەکارهێنانی ماڵپەڕی یوتیوب لەلایەن منداڵانەوە داوە بەوەی دەکرێت هەموو جۆرە ڤیدیۆ و بابەتێک لەو ماڵپەڕە جیهانییە ببینن.

ئەو بەرنامەیە لە هەردوو سیستمەکانی ئاندرۆید و ئای ئۆ ئێس دەستدەکەوێت. دایک و باوکان دەتوانن ئەو کەناڵانەی کە سوودبەخشن بۆ منداڵەکانیان پەسەند بکەن، تەنانەت دەتواندرێت بەشی گەڕانی ماڵپەڕی یوتیوب لاببرێت و تەنها رێگا بە چەند لیستێکی پەسەندکراو بدرێت. هەروەها، دەتوانیت ماوەیەکی دیاریکراو هەڵبژێری و لە دوای تەواو بوونی ئەو ماوەیە، بەرنامەکە چیدی کارناکات. ئەمەش وادەکات منداڵەکەت کاتێکی زۆر بە تەماشاکردنی ڤیدیۆکان بەسەر نەبات.

سەرەتا دەبێت پرۆفایلێک بۆ منداڵەکەت لەناو ئەو بەرنامەیە  دروستبکەیت و پاشان ئەو کەناڵ و ڤیدیۆیانەی بۆ هەڵبژێری کە تەندروستن بۆی و تایبەتمەندییەکان بەکاربهێنی.

H.J