به ڤیدیۆ.. برایتۆن له پرێمه‌رلیگ دۆزه‌خی بۆ مۆرینهۆ گه‌رم كرد
له گه‌ڕی دووه‌می پرێمه‌رلیگ یانه‌ی مانچێسته‌ر یونایتد تووشی یه‌كه‌مین شكستی ئه‌م وه‌رزه بوو، كاتێك له ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆی به 3 گۆڵ به‌رامبه‌ر 2 گۆڵ به یانه‌ی برایتۆن دۆرا.
له خوله‌كی 25 گلین مۆرای گۆڵی پێشكه‌وتنی برایتۆنی تۆمار كرد، دوای تێپه‌ڕبوونی 2 خوله‌ك شان دۆف گۆڵی دووه‌میشی بۆ برایتۆن زیاد كرد.
له خوله‌كی 34 رۆمیلۆ لۆكاكۆی هێرشبه‌ری به‌لجیكی یه‌كه‌مین گۆڵی ئه‌م وه‌رزه‌ی خۆی له پرێمه‌رلیگ بۆ شه‌یتانه سووره‌كان تۆمار كرد، پێش ئه‌وه‌ی ناوبژیوان فیكه‌ی كۆتایی گێمی یه‌كه‌م لێ بدات باسكاڵ گروز له رێگه‌ی لێدانی پێناڵتی یانه‌ی برایتۆنی كرده خاوه‌نی سێیه‌م گۆڵ.
له خوله‌كی 94ـی كاتی زیادكراوی كۆتاییه‌كانی یارییه‌كه، پۆڵ پۆگبا به لێدانی پێناڵتی گۆڵی دووه‌می مان یونایتدی تۆمار كرد، به‌ڵام ئه‌م گۆڵه نه‌یتوانی یانه‌كه له شكست رزگار بكات.
گرینكترین ئامار و رووداوه مێژووییه‌كانی یارییه‌كه:
ـ بۆ جاری سێیه‌م مانچێسته‌ر یونایتد له كۆی 122 یاری به راهێنه‌رایه‌تی خۆزێ مۆرینهۆ 3+ گۆڵ و زیاتری لێ تۆمار ده‌كرێت.
ـ پۆڵ پۆگبا دووه‌م یارییه له‌سه‌ریه‌ك به لێدانی پێناڵتی گۆڵ بۆ مان یونایتد ده‌كات.
ـ دی خیا له دواین 8 لێدانی پێناڵتی نه‌یتوانیوه هیچ کامیان بگه‌ڕێنێته‌وه.
ـ له دوای ساڵی 2015 بۆجاری یه‌که‌مه مانچێسته‌ر یونایتد له گێمی یه‌که‌می یارییه‌که‌ی پرێمه‌رلیگ 3 گۆڵی لێ تۆمار ده‌کرێت.
ـ له کۆی 20 یانه‌ی ئه‌م وه‌رزه‌ی پرێمه‌رلیگ، رۆمیلۆ لوکاکۆ تۆڕی گۆڵی 18 یانه‌ی به‌شداربووی ئه‌م وه‌رزه‌ی هه‌ژاندووه.
ـ پۆڵ بۆگپا به‌رامبه‌ر برایتۆن: 2 شووت، 2 ره‌خساندنی ده‌رفه‌تی گۆڵ، زۆرترین فاوڵی له‌سه‌ر گیرا (6) جار.
ـ له ماوه‌ی 60 خوله‌ك لوكاكۆ و مارسیال نه‌یانتوانی ته‌نیا یه‌ك پاسیش له نێوان یاریزانه‌كان ئاڵوگۆڕ بكه‌ن.
ـ دوایین 3 یاری نێوان برایتۆن له نێو یاریگه‌ی خۆی به‌رامبه‌ر مانچێسته‌ر یونایتد (1982 برایتۆن 1 ـ 0 مانچێسته‌ر یونایتد)، (2018 برایتۆن 1 ـ 0 مانچێسته‌ر یونایتد)، (2018 برایتۆن 3 ـ 2 مانچێسته‌ر یونایتد).