بەڤیدیۆ.. کاتێک مۆراتا ماڵئاوایی لە زیدان و یاریزانانی ریال مەدرید کرد

K24- هەولێر

ئالڤارۆ مۆراتا دوێنێ چوارشەممە بەفەرمی پەیوەندیکردنی بە ریزەکانی چێڵسی ئینگلیزی راگەیاند و ریال مەدریدی ئیسپانی بەجێهێشت.

مۆراتا پێش ئەوەی گەشتی لەندەن بکات بۆ ئەنجامدانی پشکنینی پزیشکی، ماڵئاوایی لە زینەدین زیدان و یاریزانانی ریال مەدرید کرد و لە لێدوانێکی لەبارەی بەجێهیشتنی ریال مەدرید گوتی 'من سێیەمجارە ریال مەدرید بەجێدەهێڵم، بەڵام ئەمجارەیان هەرگیز نامەوێت بگەڕێمەوە ریال مەدرید، بەڵام هەمیشە هانی ئەو یانەیە دەدەم و هاوڕێی زۆرم لێرە هەن، ماڵئاواییم لە زیدان کرد و هیوای بەختێکی باشم بۆ خواست، سوپاسم کرد بۆ ئەو دەرفەتەی لە ریال مەدرید پێی دام' هەروەها مۆراتا گوتیشی 'گرێنتی یاریکردنم بە سەرەکی لە چێڵسی وەرگرتووە، بۆیە پەیوەندی بەو یانەوە دەکەم'.

ریال مەدرید لە چەناڵی فەرمی خۆی لە یوتیوب ڤیدیۆی ماڵئاواییکردنی مۆراتای لە یاریزانانی ریال مەدرید بڵاوکردووەتەوە، کە ئەمڕۆ پێنجشەممە بۆ پشکنینی پزیشکی دەگاتە لەندەن.