وەزیری تەندروستی پەیامێك بڵاودەكاتەوە

"ئەو رێكارانەی دەگیرێتەبەر بۆ سەلامەتی و پاراستنی ئێوەیە"

K24 - ھەولێر

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی ھەرێمی كوردستان بەبۆنەی جەژنی رەمەزان پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند "ئەو رێكارانەی دەگیرێتەبەر بۆ سەلامەتی و پاراستنی ئێوەی خۆشەویستە، ئومێدەوارین هەموو پێکەوە خۆپارێزی کەسی و ئامۆژگارییەکانی تەندروستی جێبەجێ بکەین".

دەقی پەیامی پەیامی پیرۆزبایی وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێمی کوردستان:.

بەبۆنەی هاتنی جەژنی رەمەزانی پیرۆز، گەرمترین پیرۆزبایی جەژن لە سەرجەم موسڵمانانی كوردستان و عیراق و جیهان دەكەین، خوای گەورە رۆژو و تاعەتی هەموولایەك قەبوڵ بكات.

پیرۆزبایی جەژن لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالكراوان و پێشمەرگە قارەمانەكان و كەسوكاریان دەكەین، هیوای بەختەوەری و ژیانی ئاسودەیان بۆ دەخوازین.

هەروەك روونە جەژن هەڵگری پەیامی لێبووردەیی و ئاشتەوایی و خێروبەرەكەتە بۆ گشت مرۆڤایەتی و موسڵمانان، بەداخەوە ڕەمەزان و جەژنی ئەمساڵمان لە هەڵومەرجێكدا بەڕێدەكەین كە تەواوی جیهان بەدەست پەتای كۆرۆنای نوێ COVID -19 دەناڵێنێت و تاوەكو ئێستا چارەسەری بنبڕی بۆ نەدۆزراوەتەوە.

وەزارەتی تەندروستی لەژێر رۆشنایی هێڵە گشتییەکانی بەرنامەی کاری كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوامە لە پێشكەشكردن و باشترکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی، بەتایبەتی لە رۆژانی پشووی جەژنی رەمەزانی پیرۆز خزمەتگوزارییەکانی خۆپارێزی و چارەسەری هاوکات لەگەڵ هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە هەرێمی کوردستان بەپێی پلانێکی تۆکمە پێشكەش بە هاووڵاتییان دەكات.

لێرەدا جارێكی تر وێڕای پیرۆزبایی جەژن، دەستخۆشی و رێز و سوپاسمان بۆ هەموو پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی و فەرمانبەرانی دامودەزگاکانی تەندروستی دەردەبڕین كە ماندوونەناسانە و بە شەونخوونی  خزمەتكردنیان بۆ هاووڵاتیان بەتایبەتی لە رووبەڕووبوونەوەی ئەم پەتایەی کۆرۆنا پێشکەش بە هاووڵاتییان کردووە.

هاوڵاتیانی خۆشەویست ...

سوپاستان دەكەین بۆ پابەندبوونتان بە رێنماییە تەندروستییەكان لە ماوەی رابردوو و لە ئێستادا، ئەو رێكارانەی دەگیرێتەبەر بۆ سەلامەتی و پاراستنی ئێوەی خۆشەویستە، ئومێدەوارین هەموو پێکەوە خۆپارێزی کەسی و ئامۆژگارییەکانی تەندروستی جێبەجێ بکەین، هیوادارین ئەو ئاستەنگیانەی هاتوونەتە پێش بە زووترین كات تێیپەڕێنین و هەمووان ئاسودەی ژیانێکی تەندروست بن.

دووبارە جەژنی ڕەمەزان لە هەمووان پیرۆز بێت و هەر ساغ و سەلامەت بن.

د. سامان حسین بەرزنجی

وەزیری تەندروستی 24 ئایار 2020