له‌مه‌ودوا باشترین جۆر خۆراك به‌سه‌ر هاووڵاتیاندا دابه‌شده‌كرێت
K24- هه‌ولێر:
محه‌مه‌د هاشم عانی، وه‌زیری بازرگانیی عێراق پێكهێنانی لێژنه‌یه‌كی باڵای بۆ تاوتوێكردنی دۆخی فۆڕمی خۆراك و بودجه‌ی ته‌رخانكراو بۆ كڕینی مادده خۆراكییه‌كان و باشكردنی كوالیتی مادده‌كانی راگه‌یاند.
عانی له به‌یاننامه‌یه‌كدا دووپاتیكرده‌وه، "ئه‌و لێژنه‌یه له‌ڕێگه‌ی رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه جیهانییه‌كان كوالیتی مادده خۆراكییه‌كان به‌رز ده‌كاته‌وه"، هه‌روه‌ها گوتی: "وه‌زاره‌ته‌كه‌یان هه‌موو هه‌وڵێك بۆ به‌ده‌ستهێنانی بودجه‌ی پێویست بۆ كڕینی مادده خۆراكییه‌كانی ساڵێكی ته‌واو ده‌خاته گه‌ڕ، وێڕای ئه‌نجامدانی رێككاری پێویست بۆ یارمه‌تیدانی خێزانه هه‌ژاره‌كان"، كه به گوته‌ی خۆی، "له هه‌ندێ پارێزگای عێراقی رێژه‌ی هه‌ژاری گه‌یشتووه‌ته سه‌رووی 30%".
وه‌زیری بازرگانی عێراق له به‌یاننامه‌كه‌یدا كه له پێگه‌ی فه‌رمی وه‌زاره‌ت بڵاوكراوه‌ته‌وه، جه‌ختی كرده‌وه، "ده‌ستیان به چه‌ند رێككارێك كردووه بۆ زیادكردنی بودجه‌ی تایبه‌ت بۆ كڕینی مادده خۆراكییه‌كان"، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "نه‌خشه رێگایه‌كیان بۆ ئه‌و بابه‌ته ئاماده كردووه و داوای بودجه‌یه‌كی تایبه‌تی زیاتر له ساڵانی پێشوویان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته كردووه" و جه‌ختی كرده‌وه، "ده‌مانه‌وێ به‌درێژایی ساڵ مانگانه به‌شه خۆراك به‌سه‌ر هاووڵاتیاندا دابه‌ش بكه‌ین، كه پێشتر به‌هۆی كه‌می ئه‌و بودجه‌یه‌ی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ته‌رخان كرابوو، ساڵانه به‌لایه‌نی زۆر، ته‌نیا به‌شه خۆراكی شه‌ش مانگ ده‌گه‌یشته ده‌ستی هاووڵاتیان".
عانی ئاشكراشیكرد، "پێداگیریمان كردووه، پێویسته ئه‌و نه‌خشه رێگایه له یاسای بودجه‌دا جێگیر بكرێت و به‌شه بودجه‌یه‌كی تایبه‌ت بۆ ئه‌و مه‌به‌سته دیاریبكرێت".
ئه‌مه له‌كاتێكدایه، جگه له‌وه‌ی ژماره‌ی مادده‌كانی ناو فۆڕمی خۆراك كه‌م كراونه‌ته‌وه و ساڵانه‌ش ته‌نیا چه‌ند مانگێك به‌سه‌ر هاووڵاتیاندا دابه‌ش ده‌كرێت، هه‌میشه هاووڵاتیان گله‌یی له كوالیتی ئه‌و به‌شه كه‌مه خۆراكه‌ش ده‌كه‌ن، كه چه‌ند مانگ جارێك ده‌گاته ده‌ستیان.
H.B