ئەردۆغان بووە "سوڵتان" و پارەی مەملەکەتەکەشی لای زاواکەیەتی

"بەفەرمی رژێمی تاکڕەوی پارتیزانی دەستی پێکرد"

K24 - هه‌ولێر:

رەجەب تەیب ئەردۆغان وەک یەکەم سەرۆککۆماری فرە دەسەڵاتی تورکیا سوێندی یاسایی خوارد و دەسەڵاتەکانی بۆخۆی گواستەوە، لە درێژەی دیاریکردنی وەزیرەکانیش، وەزارەتی دارایی بە زاواکەی بەخشی.

لە مەراسیمی سوێند خواردنەکەیدا، 50 وەزیری ناوخۆ، 22 سەرۆک وڵات و سەدان کەسایەتی سیاسی گرنگ ئامادەبوون، ئەردۆغانیش بەڵێنی "دەستپێکێکی نوێی" بە خەڵکی تورکیادا و لە دوای دیاریکردنی وەزیرەکانی حکوومەت، بێرات ئەلبایراک، زاوای ئەردۆغان، کرایە وەزیری دارایی و مولود چاوشئۆغلۆ وەک وەزیری دەرەوەی تورکیا مایەوە. هەروەها، بیناڵی یڵدرم ،سەرۆک وەزیرانی پێشووی تورکیا، بووە سەرۆکی پەڕلەمان.

بە گوێرەی هەواڵێکی چەناڵ نیوز ئەیژیا، دوێنێ دوو شەممە راستەوخۆ دوای سوێندخواردنەکەی ئەردۆغان، پۆستی سەرۆکوەزیران لە تورکیا هەڵوەشایەوە و سەرۆکیش دەسەڵاتە رەهاکانی خستەژێر چنگی خۆی.

رۆژنامەی جمهوریەتی تورکی کە سەربە ئۆپۆزسیۆنی تورکیایە لەبارەی گۆڕینی سیستەمی دەسەڵات نووسیویەتی: " بەفەرمی رژێمی تاکڕەوی پارتیزانی دەستی پێکرد".

سەرۆکی تورکیا ئیدی دەسەڵاتی دەبێت حکوومەت پێکبهێنێت، وەزیر و جێگری سەرۆک و بەرپرسانی باڵا دەستنیشان بکات، هەروەها ئەردۆغان خۆی بودجەی وڵات ئامادە دەکات و توانای راگەیاندنی باری لە ناکاوی لە تورکیا هەیە، جیا لە هەموو ئەمانەش سەرۆک رۆڵی لە سیستەمی دادگەری تورکیا دەبێت.

لایەنگرانی ئەردۆغان دڵخۆشن بەوەی سەرۆکەکەیان دەسەڵاتی زیاتری هەیە و دەتوانێت لاپەڕەیەکی نوێیان بۆ بکاتەوە، بەڵام رەخنەگران پێیان وایە هاوسەنگی هێز لە تورکیا گۆڕاو و وڵات بەرە تاکڕەوی دەڕوات.

H.J