پەیامێک لە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە

مەسرور بارزانی و مستەفا کازمی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدا
K24- هەولێر:
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سووتاندنی لقی پێنجی پارتی لە بەغدا و بێ رێزی کردن بە ئاڵای کوردستان شەرمەزار دەکات.
سەرۆکی حکومەت پەیامێکی لەوبارەوە بڵاوکردەوە و رایدەگەیەنێت، بێ ڕێزی کردن بەرامبەر پیرۆزترین سیمبولی کوردستان و سووتاندنی و هەڵکوتانە سەر بارەگای حیزبێک، کە زۆرترین قوربانی لە پێناو ڕووخانی رژێمی دیکتاتۆری لە عێراق و دابینکردنی مافە رەواکانی گەلی کوردستان داوە، هێرشێکی ئاشکرایە بۆ سەر بەهاکانی دیموکراسی و بەیەکەوەژیانی ئاشتیانە و ئاشتی کۆمەڵایەتی لە عێراقی فیدراڵدا.
ئاماژەی بەوەشکردوە، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق، داوای گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی بەرامبەر بە ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە کردووە.
دەقی راگەیەندراوەکە:
بە تووندی هێرشی ئەمڕۆی تاقمێکی لە یاسادەرچوو بۆ سەر بارەگای لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان و سووتاندن و بێ ڕێزی کردن بەرامبەر ئاڵای کوردستان لە بەغدا، ڕیسوا و شەرمەزار دەکەم.
بێ ڕێزی کردن بەرامبەر پیرۆزترین سیمبولی کوردستان و سووتاندنی و هەڵکوتانە سەر بارەگای حیزبێک، کە زۆرترین قوربانی لە پێناو ڕووخانی رژێمی دیکتاتۆری لە عێراق و دابینکردنی مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان داوە  هێرشێکی ئاشکرایە بۆ سەر بەهاکانی دیموکراسی و بەیەکەوەژیانی ئاشتیانە و ئاشتی کۆمەڵایەتی لە عێراقی فیدراڵدا.
لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆک وەزیران بەڕێز مستەفا کازمی، گفتوگۆمان دەربارەی ئەم پەلامارە کرد و داوام لێکرد کە دەزگا پەیوەندیدارەکان، دەستبەجێ لێکۆڵینەوە بکەن و ڕێوشوێنی یاساییش، بەرامبەر ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە بگرنەبەر.