ئێران مووشه‌كی دژه كه‌شتی تاقیكردووه‌ته‌وه
K24 - هه‌ولێر:
ئاژانسی هه‌واڵی رۆیته‌رز له‌سه‌ر زاری به‌رپرسێكی ئه‌مه‌ریكی بڵاویكردووه‌ته‌وه: "ئێران هه‌فته‌ی رابردوو مووشه‌كێكی كورتمه‌ودای دژه كه‌شتی له میانی مانۆڕه ده‌ریاییه‌كه‌ی ته‌نگه‌ی هورمز تاقیكردووه‌ته‌وه.
به‌ڵام ئه‌و به‌رپرسه ئه‌مه‌ریكییه كه نه‌یویستووه ناوه‌كه‌ی ئاشكرا بكرێت، ئه‌و تاقیكردنه‌وه‌یه‌ی ئێرانی به نائاسایی دانه‌ناوه و ته‌نها گوتوویه‌تی: "به‌شێوه‌یه‌كی نه‌گونجاو له ئاوه هه‌رێمایه‌تییه‌كانی ئێران تاقیكراوه‌ته‌وه".
جێگای بیرهێنانه‌وه‌یه، كۆماری ئیسلامی ئێران له سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌دا له ته‌نگه‌ی هورمزی ستراتیژی و كه‌نداوی عه‌ممان مانۆڕی سه‌ربازی ئه‌نجامدابوو.
په‌یوه‌ست به‌و بابه‌ته‌وه جه‌نه‌راڵ جۆزێف ڤۆتێل، فه‌رمانده‌ی فه‌رمانده‌یی ناوه‌ندیی سوپای ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاندبوو: "ئێران ده‌یه‌وێت له رێگه‌ی ئه‌و مانۆڕه‌وه په‌یامێك ئاراسته‌ی ئه‌مه‌ریكا بكات، به‌ڵام سوپای ئه‌مه‌ریكا له ئاماده‌باشیدایه بۆ ئه‌وه‌ی جووڵه‌ی ده‌ریاوانی له ته‌نگه‌ی هورمز بپارێزێت".