تەندروستی گەرمیان مەزەندە دەکات 45 هەزار تووشبووی کۆرۆنا لە دەڤەرەکەدا هەبن

33%ـی ئەوانەی پشکنین دەکەن، ئەنجامەکەیان پۆزەتیڤە
kurdistan24.net


K24 - گەرمیان

پارێزگای سلێمانی بە ئیدارەکانی گەرمیان و راپەرینەوە سێیەم پارێزگای عێراقە لەڕووی زۆری تووشبوون بە پەتای کۆرۆنا، هەرچەندە لە ماوەی سێ رۆژی رابردوودا دوو حاڵەتی گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا لە گەرمیان تۆمارکراون، بەڵام بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی گەرمیان مەزەندە دەکات "45 هەزار تووشبووی کۆرۆنا لە سنوورەکەیدا هەبن".

د. سیروان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی گەرمیان بە کوردستان24ـی رایگەیاند، "ئەوانەی پشکنینی کۆرۆنا دەکەن، رۆژانە 33%ـیان پشکنینەکانیان پۆزەتیڤ دەردەچێت، واتا دەردەکەوێت تووشی کۆرۆنا بوون، بۆیە بەپێی لێکدانەوەی ئامارەکان، مەزەندە دەکەین 45 هەزار تووشبووی کۆرۆنا لە ئیدارەی گەرمیاندا هەبن".

لە گەرمیان بەڕێوەبەری خۆپاراستن لە کۆرۆنا و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی قەڵای تایبەت بە تووشبووانی کۆرۆنا، تووشی کۆرۆنا بوون، بەڵام بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی گەرمیان "تائێستاش خۆپارێزی لەلایەن خەڵکەوە زۆر لاوازە و قەرەباڵغی بازاڕ و ژیانی رۆژانە وەک پێش کۆرۆنایە".

لە سنووری گەرمیان رۆژانە لەنێوان 200 بۆ 250 پشکنینی کۆرۆنا دەکرێن. د. سیروان باس لەوە دەکات بەدواداچوونیان لە کلینیک و نۆرینگەکان کردووە و، ئەوان دەڵێن رۆژانە ژمارەیەکی زۆری تووشبووی کۆرۆنا دەبینن، بۆیە "ئەو ژمارەیەیەی لەلای ئێمە تۆمارکراوە کەمە و، کەمیشیان دێن بۆ لای ئێمە پشکنین بکەن".

بەگشتی 21 دانیشتووی گەرمیان بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە: 7 کەسیان لە نەخۆشخانەکانی سلێمانی و 14ـشیان لە نەخۆشخانەی قەڵا، هەروەها 843 کەس وەکو تووشبووی کۆرۆنا لە سنووری گەرمیان تۆمارکراون. د. سیروان محەممەد دەڵێ "ئەمانە لەدوای پشکنینی ورد تۆمارکراون، بەڵام لەراستیدا ژمارەکە زۆر لەوە زیاترە، لەنێو ئەو کەسانەش 60ـیان کارمەندی تەندروستی و پزیشکن، کە زۆربەیان لەکاتی بەجێهێنانی ئەرکەکانیاندا تووشی پەتاکە بوون".

 

 

هـ.ر.