سەرۆك بارزانی و شاندێكی باڵای ئەمەریكا بارودۆخی ھەرێمی كوردستان و عێراق تاوتوێ دەكەن

"ھەناردەكردنەوەی نەوتی كەركووك بە بۆری ھەرێمی كوردستان بڕیارێكی دروست بوو"

K24 - ھەولێر

سەرۆك مەسعود بارزانی و شاندێكی باڵای ئەمەریكا، پەیوەندییەكانی نێوان ھەولێر و بەغدا و ھەناردەكردنەوەی نەوتی كەركووك لە رێگەی بۆری ھەرێمی كوردستانیان تاوتوێكرد و شاندەكەی ئەمەریكا ھەڵوێستی سەرۆك بارزانی و حكوومەتی ھەرێمی كوردستانیان لەوبارەوە بەرز نرخاند.

وێبسایتی سەرۆك بارزانی، بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ شەممە 17/11/2018 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی، پێشوازی لە ئەندرێ پییك، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە چەند دیپلۆماتكاری وەزارەتی دەرەوە و باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا.

لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و رەوشی سیاسی و ئەمنیی عێراق و هەروەها پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا تاوتوێ كرا و پێشوازییش لە بڕیاری حكوومەتی عێراقی كرا بۆ دووبارە هەناردەكردنەوەی نەوتی كەركووك لە رێگەی هەرێمی كوردستان و بە بڕیارێكی دروست لە قەڵەم درا و شاندی میوان سوپاسی هەڵوێستی سەرۆك بارزانی و حكوومەتی هەرێمی كرد لە ناردنەوەی نەوتی كەركووك لە رێگەی بۆڕییەكانی هەرێمی كوردستان.

هەردوولایش لەسەر ئەوە هاوڕا بوون كە بارودۆخی سیاسیی دوای هەڵبژاردنەكانی عێراق و حكوومەتی تازەی عێراق دەرفەتێكی نوێیە بۆ هەرێم و بەغدا بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و هەماهەنگی و هاوكاریی زیاتر لەگەڵ یەكتر و هیوای ئەوەیان خواست كە ئەو دەرفەتە تازەیە گرفتی بۆ دروست نەكرێت.

بارودۆخی پارێزگای نەینەوا و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم تەوەرێكی دیكەی ئەو دیدارە بوو و بیروڕا لەبارەی رێگەكانی ئاساییبوونەوەی دۆخی ئەو ناوچانە و رەچاوكردنی ماف و داخوازیی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان و گەڕانەوەی ئاوارەكان و چۆنییەتی بەڕێوەبردنی ئەو ناوچانە ئاڵوگۆڕ كرا.

هەر لەو دیدارەدا شاندی میوان پێزانینی هەبوو بۆ رۆڵی پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعش و دابینكردنی سەقامگیری و ئارامی و جەختی لەوە كردەوە كە ئەمەریكا هەمیشە رێزی تایبەتی بۆ ئازایەتی و قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان هەیە.