"شكستی عه‌بدولمه‌هدی كۆتایی دەوڵەتی عێراق دەبێت"

ئه‌ركی عادل عه‌بدولمه‌هدی ئاسان نییه‌
kurdistan24.net

K24 - هه‌ولێر:

بە شێك لە لایەنە سیاسییەكانی ھەرێمی كوردستان و عێراق چاوەڕێی پێكھێنانی حكوومەتی نوێ بەسەرۆكایەتی عادل عەبدولمەھدی دەكەن و پێیانوایە یەكێكە لەو سەركردانەی بەدرێژایی 15 ساڵی رابردوو لە نزیكەوە لەگەڵ رووداوەكانی عێراقدا ژیاوە و دەزانێت كێشە و گرفتە سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتییەكان چین.

بەگوتەی سەرۆکی حزبی ئوممەی عێراقی، ئەركی عادل عەبدولمەھدی ئاسان نییە و شكستی ئەو كۆتایی دەوڵەتی عێراق دەبێت.

راسپاردنی عادل عەبدولمەهدی بۆ سەرۆکایەتیکردنی کابینەی داهاتووی حکوومەتی عێراق, هەر زوو لەلایەن کوردەوە پێشوازی لێکرا، سەرۆك بارزانی رایگەیاند عادل عەبدولمەهدی بەرژەوەندیی عێراق و كوردستان لەبەرچاو دەگرێت و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکوومەتیش لە وەڵامی پرسیارێکی کوردستان 24دا دڵخۆشی خۆی بەوە دەربڕی.

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کورد پێییوایە هەندێک لایەن نایانەوێ عادل عەبدولمەهدی لە ئەرکە نوێیەکەیدا سەرکەوتووبێت.

میسال ئالوسی، ئەو پیاوەی لە تەواوی هەوراز و نشێوەکانی 15 ساڵی رابردووی عێراقدا شایەتحاڵێکی سەرەکی بووە, نەیشاردەوە، ئەرکی عادل عەبدول مەهدی ئاسان نییە و  گوتی: "شکستی عەبدولمەهدی کۆتایی دەوڵەتی عێراقە".

هەموو لایەنەکان عەبدولمەهدی بە دۆستی دێرینی خۆیان دەزانن، بەڵام ئەوەی لە چوار ساڵی داهاتوودا دەست کورد و عێراقییەکان دەکەوێت، ئەوەیە کە ئاخۆ ئەو دۆستایەتییە بەردەوام دەبێ یان عادل عەبدولمەهدیش وەک ئەوانی پێش خۆی ئەو رابردووە لە بیر دەکات.

ئ. م