یه‌كێتی دان به‌ قه‌ده‌غه‌كردنی كردنه‌وه‌ی باره‌گای هێزه‌ كوردستانییه‌كان له‌ كه‌ركووكدا ده‌نێت

مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی: لە زۆر شار و شارۆچكە ماڵی بەرپرس ‌و كادرانی لایەنە كوردستانیەكان داگیركراوون

K24- هه‌ولێر:

له‌ په‌یامێكدا كه‌ ئاراسته‌ی هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كانی عێراق كراوه‌، مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان دان به‌وه‌دا ده‌نێت، كه‌ كردنه‌وه‌ی باره‌گای هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌ كوردستانییه‌كان له‌ كه‌ركووك قه‌ده‌غه‌یه‌ و، ناڕه‌زایی خۆی نیشانی ئه‌و سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌ ده‌دات.

له‌ به‌شێكی په‌یامه‌كه‌دا هاتووه‌: "كردنەوەی بارەگاكانی هێزە كوردستانیەكان هێشتا قەدەغەیە!!".

یه‌كێتی رووی ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی له‌ هه‌ریه‌ك له‌ سه‌رۆك كۆمار، سه‌رۆكی حكوومه‌ت و سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق كردووه‌ و ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، "لەكاتێكدا، وردە وردە ئومێدی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان عێراق ‌و هەرێمی كوردستان، زیاتر دەبێ‌‌ و هەنگاوی باشیش لەو پێناوەدا نراوە. كەچی بەداخەوە، لەدوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە، كە زیاتر لە "6 مانگ"ە، لەكەركووك، خانەقین، شەنگال، جەلەولا، سەعدیە، قەرەتەپە و ناوچەكانی دیكه‌ش، هێشتا دەسەڵاتی عەسكەری‌ و ئەمنی، رێگە نادەن، بارەگای حزبە كوردستانیەكان، كە حزبی رەسمی ‌و یاسایین، بكرێنەوە. تەنانەت لەم هەڵمەتی هەڵبژاردنەشدا، هێشتا فشاری نادەستووری لەسەر هێزە كوردستانیەكان هەیە. بەڵكو لە زۆر شار و شارۆچكەدا، ماڵی بەرپرس ‌و كادرانی لایەنە كوردستانیەكانیش، داگیركراوون".

له‌ په‌یامه‌كه‌دا دووپات كراوه‌ته‌وه‌: "ئاشكرایە لای جەنابتان، بەمشێوەیە سەپاندنی دەسەڵاتی عەسكەری ‌و ئەمنی، پێچەوانەی دەستوور و رێسای پەیوەندیەكانمانە. بەردەوامبونیش لەسەر سیاسەتی زەوتكردنی مافی ئازادی سیاسی لایەنەكان، لەو ناوچانەدا، گومانێكی زیانبەخشی لای رای گشتی ناوچە كێشەلەسەرەكان درووستكردووە و بەدوریشی نازانین، روداوی زیانبەخشی لێبكەوێتەوە".

له‌ كۆتایی په‌یامه‌كه‌شدا، داوا له‌ هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كانی عێراق كراوه‌، به‌زووترین كات بڕیاری چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشه‌ یاسایی و مافه‌ سیاسییه‌ بده‌ن.

H.B