رووسیا ھێزەكانی لە سووریا دەكێشێتەوە

پوتن لەگەڵ ئەسەد كۆبووەوە

K24 - ھەولێر

ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا سەردانی بنکەی حمێمیمی لە سووریا کرد و فەرمانی کشانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە سووریا دەرکرد.

میدیاکانی رووسیا بڵاویانکردەوە کە بەیانی ئەمڕۆ ڤلادیمێر پوتن سەردانی بنکەی سەربازی رووسیای لە حمێمیم کردووە و لەگەڵ بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا کۆبووەتەوە.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، پوتن فەرمانی بە هێزەکانی رووسیا کردووە لە سووریا بکشێنەوە و راشیگەیاندووە، هێزەکانی وڵاتەکەی و سووریا لە ماوەی دوو ساڵدا توانیویانە بەهێزترین گرووپی تیرۆریستیان لە جیهان تێکشاندووە.

پوتن، هەروەها رایگەیاندووە ئەگەر بێت تیرۆر جارێکی دیکە لە سووریا سەر هەڵبداتەوە ئەوا لە رێگەی هێزەوە لەناویان دەبەن.

رۆژی پێنجشەممەی رابردوو وەزارەتی بەرگری رووسیا رایگەیاند هێزەکانیان لە سووریا کارەکانیان بە سەرکەوتووانە ئەنجامداوە و ئەو وڵاتە بە تەواوی لە داعش پاککراوەتەوە.