دانوستانی نێوان ئەمەریكا و عێراق دەستپێدەكات

پێداچوونەوە بە رێككەوتنی ستراتیجی دەكرێت

K24 - ھەولێر

بڕیارە سەرەتای ھەفتەی داھاتوو دانوستانی پێداچوونەوە بە رێککەوتننامەی ستراتیجی نێوان عێراق ئەمەریکا، لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بەڕێوەبچێت.

گفتوگۆکان هەر تەنیا تایبەت بە بواری ئەمنی نین، بەڵکو لایەنەکانی سیاسی، تەندروستی، ئابووری و رۆشنبیریش دەگرێتەوە.

بەرای چاودێرانی سیاسی، ئەم گفتوگۆیانە سەرەتایەکە بۆ چەند قۆناغێکی دیکەی دانوستانەکان، بە ئامانجی رێگریکردن لە داڕمانی دەوڵەت و دامەزراوەکانی، بە تایبەت کە ئێستا عێراق تووشی چەندین قەیران بووەتەوە.

لە کاتێکدا گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانیش داوا دەکەن، کۆتایی بە بوونی هێزەکانی بیانی بێت.

لەو سەروبەندە ھاوپەیمانی فەتح داوا لە حكومەت دەكات بڕیاری وەدەرنانی ھێزە بیانییەكان لە عێراق جێبەجێ بكات.

لە راگەیەنراوێکدا، هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆکایەتی هادی عامری، داوا لە حکومەت دەکات، بڕیاری پەرلەمان بۆ چوونەدەرەوەی هێزەکانی بیانی جێبەجێ بکات.

بەگوێرەی راگەیەنراوەکە ھاتووە: "لەگەڵ دەستپێکردنی گفتوگۆی ستراتیجی نێوان عێراق و ئەمەریکا و بە هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی نیشتمانی و بەرژەوەندی باڵای وڵات، بە پێویستی دەزانین، بەبیر ئەندامانی شاندی عێراقی بێنینەوە، کە دەبێت بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەران لە 5ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، سەبارەت بە دەرچوونی هێزەکانی بیانی لە عێراق لەبەرچاو بگرن".