ھەر كەس و لایەنێك لەناو زانكۆ و پەیمانگاكان بانگەشە بكات سزا دەدرێت
K24 - ھەولێر
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، ھەر كەس و لایەنێك لەناو زانكۆ و پەیمانگاكان بانگەشە بكات سزا دەدرێت.
لە راگەیەندراوێكدا وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سەرجەم زانکۆ و پەیمانگە حکوومى و تایبەتەکان و دامەزراوەکان ئاگادار دەکاتەوە، کە بەهیچ شێوەیەك رێگە بە کاندیدەکانى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى نوێنەرانى ئێراق نەدرێ لە نێو دامەزراوەکانى سەر بە وەزارەتى خوێندنى باڵا بانگەشەى هەڵبژاردن بکەن.
لە راگەیەندراوەكە ھاتووە: "بۆ هیچ زانکۆ و پەیمانگە و کۆلێژ و دامەزراوەیەکى سەر بە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى نییە رێگە بەکاندیدەکان بدات (وێبسایت، لاپەڕەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، هۆڵەکانى کۆبونەوەکان، کافتریا و شوێنە گشتیەکانى زانکۆ و کۆلێژەکان، یان دیوارى زانکۆکان) بەکاربهێنن بۆ بانگەشەى هەڵبژاردن، هەر وەك کاندیدەکانى هەڵبژاردن کە مامۆستا بن یان هەر پلە و پێگەیەکى ئیدارییان لە ناوەندەکانى زانکۆ هەیە نابێ رێگەیان پێبدرێ پێگەکانیان لە ناوەندەکانى زانکۆ بۆ بانگەشەى هەڵبژاردن بۆ خۆیان و لیستەکانیان بەکاربهێنن".
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى راشیگەیاندووە: "بەپێچەوانەوە، هەر کەس و لایەنێك و دامەزراوەیەکى سەر بەوەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بانگەشەى هەڵبژاردن بۆ هەر لیست و کاندیدێك لە ناوەندەکانى زانکۆ بکات، یان ناوەندەکانى خوێندن بۆ ئەو مەبەستە بەکاربهێنێت سزا دەدرێ و رووبەڕووى یاسا و رێوشوێنە یاساییەکان دەکرێتەوە".
لە لایەكی دیكەوە وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند: "ئاگادارى هەموو لایەك و بەتایبەت پاڵێوراوانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق لە هەرێمى کوردستان دەکەینەوە کە کەس بۆى نییە وێنە و پۆستەرەکانى هەڵمەتى هەڵبژاردن لە دیوارى قوتابخانەکان بدات. بە پێچەوانەوە رێکارى یاسایی لەبەرامبەردا دەگیردرێتەبەر".
ھ.م