ئیدارەی ترەمپ لە جۆن کیری توڕەیە

"بە رژێمی ئێرانی گوتووە چاوەڕێبکەن تا ماوەی ئیدارەی ترەمپ کۆتای دێت"

K24 – هه‌ولێر:

مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، رەخنە لە جۆن کیری، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمەریکا دەگرێت، بەوەی "بەنایاسایی" لەگەڵ بەرپرسانی ئێران کۆبووەتەوە و دژی سیاسەتی وڵاتەکەی لێدوانی داوە.

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، پۆمپیۆ لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا لەبارەی کۆبوونەوەکانی نێوان جۆن کیری و بەرپرسانی ئێران رایگەیاندووە: "جۆن کیری کۆبوونەوەی نایاسایی لەگەڵ  نەیارێکی وەک رژێمی ئێران ئەنجامداوە، ئەمەش تەنها زیانی بۆ گەلی ئەمەریکا هەیە. ئەو(جۆن کیری) بە رژێمی ئێرانی گوتووە چاوەڕێبکەن تا ماوەی ئیدارەی ترەمپ کۆتای دێت".

 پۆمپیۆ راشیگەیاندووە: "ئەوەی وەزیر کیری کردوویەتی هەرگیز پێشتر نەکراوە. ئەو نابێت ئەو جۆرە رەفتارانە بکات چونکە پێچەوانەی یاساکانی دەرەوەی ئەمەریکایە".

پێشتریش دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، هەمان رەخنەی لە جۆن کیری گرتبوو و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئێران بە "نایاسایی" لەقەڵەمدابوو.

بەرزبوونەوەی دەنگی ناڕەزایی ئیدارەی ترەمپ دوای چاوپێکەوتنی جۆن کیری دێت لەگەڵ تەلەڤزیۆنی فۆکس نویز، تیایدا ئەو وەزیرەی پێشووی ئەمەریکا ئاشکرایکردبوو، "سێ بۆ چوار" جار لەگەڵ مەحەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران، کۆبۆتەوە.

لایخۆیەوە گوتەبێژەکەی جۆن کیری وەڵامی رەخنەکانی پۆمپیۆی دایەوە و گووتی: "کۆبوونەوەی سیاسییەکانی پێشووی ئەمەریکا لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتانی دیکە شتێکی نائاسایی نییە".

کیری لە چاوپێکەوتنەکەی رەخنەی لە ترەمپ گرتبوو، ئاشکراشیکردبوو کە سەرۆکی ئەمەریکا دەیەوێت رژێمی ئێران بگۆڕێت، بەڵام پۆمپیۆ ئەو بۆچوونەی جۆن کیری رەتکردەوە.

H.J