يه‌به‌شه‌: هيچ ترسێكمان له‌ حه‌شدى شه‌عبى نييه‌ و پێويسته‌ رێزيان لێبگرين

حه‌شدى شه‌عبى هێزێكى عێراقييه‌

K24 – هه‌ولێر:

يه‌كينه‌كانى به‌رخودانى شنگالى سه‌ر به‌ پارتى كرێكارانى كوردستان رايگه‌ياند، هيچ ترسێكمان له‌ بوونى حه‌شدى شه‌عبى له‌ قه‌زاى شنگالى خۆرئاواى مووسڵ نييه‌ و حه‌شدى شه‌عبى هێزێكى عێراقييه‌ و پێويسته‌ رێزى بگيرێت وه‌ك هه‌ر هێزێكى ديكه‌ كه‌ شه‌ڕى داعش ده‌كات.

گوته‌بێژى يه‌به‌شه‌، دژوار فه‌قير له‌ به‌ياننامه‌يه‌كدا رايگه‌ياند، ئێمه‌ چاوه‌ڕێين حه‌شدى شه‌عبى هاوكارى ئێزدييه‌كان بكات بۆ ئه‌وه‌ى بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر ماڵ و حاڵيان و ئه‌وه‌ى پێويسته‌ له‌ كۆمه‌ك پێشكه‌شيان بكرێت، چونكه‌ حه‌شدى شه‌عبى هێزێكى عێراقييه‌ و پێويسته‌ له‌سه‌رمان رێزيان بگرين، وه‌ك چۆن رێز له‌ هه‌ر هێزێكى ديكه‌ ده‌گيرێت كه‌ شه‌ڕى داعش ده‌كه‌ن.

هه‌روه‌ها گوتى:هيچ ترسێكمان له‌ باره‌ى بوونى حه‌شدى شه‌عبى له‌ ناوچه‌ى شنگال نييه‌ و هيچ هه‌ڕه‌شه‌يه‌كيشمان لێيان نه‌بينيوه‌ و نه‌بوونه‌ته‌ كێشه‌ بۆ ئێزدييه‌كان.

گوته‌بێژه‌كه‌ى يه‌به‌شه‌ هيواشى خواست، لانيكه‌م له‌ نێوان هه‌ردوولايه‌ندا هه‌ماهه‌نگى هه‌بێت بۆ پاراستنى ناوچه‌ رزگاركراووه‌كان و گوتيشى: نازانين دواى رزگاركردنى ناوچه‌كان چ هێزێك ئه‌ركى پاراستنى ناوچه‌كان ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆ.

سه‌رچاوه‌: سۆمه‌ريه‌نيوز.