لەبارەی لێدانی دوو ھاووڵاتییە عەرەبەكەی ناوبازاڕی ھەولێر روونكردنەوە دەدرێت

پۆلیسی ھەولێر: كێشەكە كۆتایی پێھاتووە

K24 - ھەولێر

دوای ئەوەی گرتە ڤیدیۆیەك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكرایەوە، كە ژمارەیەك ھاووڵاتی لەناو بازاڕی ھەولێر لە دوو ھاووڵاتی عەرەب دەدەن، بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەولێر لە رێگەی كوردستان24 روونكردنەوە لەبارەی رووداوەكە دەدات و رایدەگەیەنێت، كە ئەو دوو كەسە نە حەشدی شەعبی بوونە و نە بابەتەكەش سیاسی بووە.

عەبدولخالق تەڵعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەولێر بە كوردستان24 راگەیاند: "ئەو رووداوە كە دوێنێ لە ناوبازاڕی ھەولێر روویداوە بابەتێكی سیاسی نییە و ھیچ پەیوەندی بە حەشدی شەعبییەوە نییە، ئەوەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان باسكراوە، دوورە لە راستیەوە".

روونیكردەوە: "دوێنێ كە رۆژی ڤاڵانتاین بوو، خەڵكێكی زۆر لەناوبازاڕی ھەولێر كۆبووەتەوە، ئەو دوو ھاووڵاتییە عەرەبە خەڵكی بەسرەنە و بۆ گەشت و سەیران ھاتبوونە ھەولێر، لەگەڵ ئافرەتێك دەمەقاڵە لەنێوان دروست بووە، دواتر دەبێتە شەڕیان و خەڵكێكی زۆر لەوێ كۆدەبێتەوە، ھێزەكانی پۆلیس و ئاسایش دەگەنە شوێنی رووداوەكە و دۆخەكە كۆنترۆڵ دەكەن و لێكۆڵینەوەیان لە رووداوەكە كردووە، بۆیان دەركەوتووە كە ئەو بابەتە كۆمەڵایەتییە و ھیچ پەیوەندی بە سیاسەتەوە نییە".

بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەولێر راشیگەیاند: "كێشەكە كۆتایی پێھاتووە و ھەردوو ھاووڵاتییە عەرەبەكە بەڕێكراون، چونكە ھیچ كەس لەسەر ئەو بابەتە سكاڵای تۆمارنەكردووە".