ئاڵا تاڵه‌بانی داوا ده‌كات ریفراندۆم له كه‌ركووك ئه‌نجام نه‌درێت
K24 - هه‌ولێر:
ئاڵا تاڵه‌بانی، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، له فراكسیۆنی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، داوا ده‌كات، كه‌ركووك به دوور بگیرێت له ئه‌نجامدانی ریفراندۆم و پرۆسه‌كه له‌و شاره ئه‌نجام نه‌درێت.
به گوێره‌ی میدیا عێراقییه‌كان، ئالا تاڵه‌بانی داوای كردووه، ئه‌گه‌ر هه‌رێمی كوردستان سووره له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی ریفراندۆم، با له كه‌ركووك و "ناوچه جێناكۆكه‌كان" پرۆسه‌كه به‌ڕێوه‌نه‌چێت.
داواكه‌ی ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی به‌غدا، له‌كاتێدایه، ئه‌مڕۆ به به‌شداری ده‌یان هه‌زار كه‌س، كه‌رنه‌ڤاڵی پشتگیری له ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی كوردستان له هه‌ولێری پایته‌خت به‌ڕێوه‌چوو.
له كه‌رنه‌ڤاڵه‌كه‌دا، مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له باره‌ی ریفراندۆمه‌وه دووپاتیكرده‌وه، ریفراندۆم دواناخرێ و له كاتی خۆیدا له 25ی ئه‌یلوول، ئه‌نجام ده‌درێت، روونیشیكرده‌وه، دواخستنی پرۆسه‌كه له ده‌ست ئه‌و ده‌رچووه و كه‌وتووه‌ته ده‌ست گه‌ل.
كه‌مێك به‌ر له ئێستاش، كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردن و راپرسی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، ده‌نگدانی ئه‌لیكترۆنی له ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌ستیپێكرد و یه‌كه‌م هاووڵاتیش له وڵاتی چین ده‌نگیدا.