لايه‌نێكى ديكه‌ى رۆژهه‌ڵاتى كوردستان پشتيوانى بۆ ريفراندۆمى سه‌ربه‌خۆيى ده‌ربڕى

كۆمه‌ڵه‌ى شۆڕشگێڕى زه‌حمه‌تكێشانى كوردستانى ئێران: پشتيوانى ريفراندۆمين

K24 – هه‌ولێر:

كۆميته‌ى ناوه‌ندى كۆمه‌ڵه‌ى شۆڕشگێڕى زه‌حمه‌تكێشانى كوردستانى ئێران له‌ راگه‌يه‌ندراوێكدا كه‌ وێنه‌يه‌كى بۆ كوردستان 24 نێردراوه‌ پشتيوانى خۆى بۆ ئه‌نجامدانى پرۆسه‌ى ريفراندۆمى سه‌ربه‌خۆيى كوردستان دووپاتكردووه‌ته‌وه‌.

له‌ راگه‌يه‌ندراوه‌كه‌ى كۆمه‌ڵه‌دا هاتووه‌: كوردی رۆژهەڵات هەمیشە پشتیوان و هاوخەم و هاوكاری خەباتی پارچەكانی دیكەی كوردستان و بەتایبەت خەباتی كوردی باشور بوون و ئەمجارەش بەدڵ و بەگیان پشتگیری لە ريفراندۆم و لە سەربەخۆییەكەی دەكەن.

ده‌قى راگه‌يه‌ندراوه‌كه‌

كوردستانی باشور، سەرەڕای هەموو گوشار و هەڕەشەیەك، بەرەو ريفراندۆم بۆ سەربەخۆیی هەنگاو دەنێت و شەپۆلی پشتیوانی جەماوەری لە هەموو لایەك خەریكە زۆرتر بەرز دەبێتەوە. هەر چەند ئێمە پێشتریش بە راگەیاندنی فەرمی و هەروەها لە هەموو تریبونەكانەوە رای خۆمان و پشتگیری راشكاوانەمان بۆ ئەو بابەتە دەربڕیوە و بە لەبەر چاو گرتنی ئەوەش كە بڕیار دان لەم بارەیەوە لە دەست خەڵكی كوردستانی باشور دایە و ئێمەش رێز لە بڕیاری خەڵك و سەركردایەتیی سیاسی هەرێمی كوردستان دەگرین، بەڵام سەبارەت بەوەی كە پرسی سەربەخۆیی باشووری كوردستان پرسێكی چارەنووسسازە بۆ هەموو كورد و كاریگەری سیاسی و مەعنەوی خۆی لەسەر هەموو پارچەكان و لەسەر هەموو ناوچەكە بەجێ‌ دەهێڵێت، بەپێویستی دەزانین جارێكی دیكەش پوختەی هەڵوێست و راوێژی خۆمان دەربڕین: 

یەكەم. ئەوەی ئەم رۆژانە دەیبینین، لاپەڕەیەكی پرشنگداری مێژووی كوردە كە بەبەر چاوی هەموومانەوە دەنووسرێتەوە. ئێمە مافی بڕیار دانی هەركام لە پارچەكانی كوردستانی لەسەر چارەنووسی خۆیان بە مافی بێ‌ئەملاولای خۆیان دەزانین و وەكوو هەمیشە رێز لە ئیرادە و ویستی گەلی كورد لە هەر كام لە پارچەكانی كوردستان دەگرین و پشتگیری لێدەكەین، بەڵام داوای دڵسۆزانەی ئێمە لە كوردستانیانی باشور ئەوەیە كە ئەو فرسەتە لە كیس مەدەن و لە نووسینەوەی چارەنووسی خۆتان بە دەستی خۆتان بە گەرم و گوڕی بەشداری بكەن. ئێوە دەیان ساڵا بوێرانە لەهەمبەر داپڵۆسین و ستەمكاریدا وەستانەوە و داستانی گەورەتان تۆمار كرد، لە مەیدانەكانی شەڕ و لە گرتووخانەكاندا بەگژ دوژمنی دڕندەدا چوونەوە و كوردی باشوورتان گەیاندە ئەم قۆناغە، كاتیەتی كە ئێستا هەنگاوی یاسایی و شارستانیانەی ريفراندۆم هەڵگرن بە باڵاترین رێژە دەنگێ‌ بەڵێ بدەن و دووپات نەبوونەوەی ئەنفال و كیمیاباران و جێنۆساید بۆ نەوەكانی داهاتووی خۆتان مسۆگەر كەن. بەشداریی هەرە بەرز لە رێفراندۆمدا، دوژمنان و هەڕەشەكارانی سەربەخۆیی بێدەنگ و كڕ دەكا و مەترسیەكان لەسەر ئەم پارچەیە دەڕەوێنێتەوە و بەڕەسمی ناسینی جیهانیتان بۆ دەستەبەر دەكات. 

دووهەم. هەرچەند ئەو رێفراندۆمە لەچوارچێوەی یاسایی و جوگرافیایی هەرێمی كوردستان و ناوچە دابڕاوەكانی باشوری كوردستان دایە و مافی دەنگدان و یەكلایی كردنەوەی ئەو پرسە لە ريفراندۆمدا هی شارۆمەندانی ئەم پارچەیەی كوردستانە، بەڵام كاریگەری مەعنەوی و سیاسییەكەی زۆر لەوە زیاتر و دوورتر دەڕوات و هەموو پارچەكانی كوردستان و لەوانە بەتایبەت كوردستانی رۆژهەڵاتیش دەگرێتەوە. ئەو ريفراندۆمیە و سەربەخۆییەك كە بەدوایدا دێت، هیوا و بڕوا بەخۆی كوردی ئێران زیاتر دەكات و ئاسۆی روونتر دەخاتە بەرچاوی كۆمەڵانی بەرینی خەڵكی كوردستانی رۆژهەڵات و تەوژمی مافخوازیان بەهێزتر دەكا. 

سێهەم. ئێمەی كۆمەڵە هەمیشە، لە رۆژە سەختەكاندا، لە كاتی شۆڕش و پێشمەرگایەتیدا، لە سەردەمی ئەنفال و كوردقڕاندا لەگەڵتان بووین، لەراپەڕیندا بەشداری راستەوخۆمان كردووە، ئێمە بێجگە لە خۆتان تەنیا حیزب و لایەن بووین كە راستەوخۆ و بەئەنقەست بەر بۆمبارانی تەیارەكانی بەعس و تۆپخانەكانی جەیشی عێراقی و كیمیاباران و ئەنفال كەوتوین و پتر لە سەد پێشمەرگەی كۆمەڵە لەو بۆمباران و كیمیابارانانەدا گیانیان لەدەست داوە. ئێمە لەمێژساڵە خۆێنمان تێكەڵا بووە، لە ریزی یەكتریدا خەباتمان كردوە، بە هانای یەكترەوە چووین، بەشانازییەوە یازدە مانگ لە بەرەكانی شەڕی دژی داعش لە كەركووك شان بەشانی پێشمەرگەی ئەم هەرێمە بەشداریمان كردەوە، ئێستاش ئەگەر مەترسی لەلایەن دوژمنانی ئازادی و سەربەستی كوردستان و بەتایبەت لەلایەن كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بێتە سەر باشوور و دەوڵەتی كوردی، خۆمان لە پێشمەرگەی ئێرە جیا ناكەینەوە و لەریزی پێشەوەی بەرگری و بەرەنگاریدا دەوەستینەوە. 

چوارەم. ئێمە بڕوامان وایە كە ئەو ريفراندۆمیەوە دەبێ‌ هەموو ناوچە دابڕاوەكانیش لەخۆ بگرێت. هەروەها ئێمە لەو بڕوایە داین كە خەبات بۆ دێمۆكراسی نێوخۆیی، بۆ دادپەرەوەری كۆمەڵایەتی، بۆ چاكسازی لە شێوازی حوكمڕانیدا، بۆ بنبەڕ كردنی گەندەڵی، بۆ پەرەسەندنێكی ئابووریی گونجاو و بەردەوام، بۆ ئیسڵاحی سیستەمی دادوەری، بۆ پاراستنی ژینگە و پاك و خاوێنی سروشتی كوردستان، بۆ یەكسانی مافی ژن و پیاو، بۆ ئازادییە مەدەنی و پیشەییەكان، بۆ میدیایەكی ئازاد و راستگۆ، بۆ بیمە كۆمەڵایەتییەكان، بۆ دابین كردنی كار و ژیانی شیاوی مرۆڤی سەردەم بۆ هەمووان، بۆ مافی خوێندن و پەروەردەی باش و سەردەمیانە بۆ مناڵەكانمان، ئەوانە مافی رەوای هەموو لایەنێكی سیاسی و هەموو شارۆمەندانی ئەو نیشتمانەیە. بەڵام پێویستە هەمووان بزانین كە بنیات نانی كوردستانێكی سەربەخۆ، خەبات لە پێناوی ئەو مافانە لەناو نابا و كۆتایی پێ‌ ناهێنێت، بەڵكوو بەپێچەوانە رێگەی بۆ دەكاتەوە و ز ەمینەی بۆ لەبارتر دەكا. با هەموو ئەوانەی كە كەموكوڕییەكانی ئێستای هەرێم بەرچاوی لێڵا كردوون و بەرامبەر بە ريفراندۆم و سەربەخۆیی تووشی گومان هاتوون، ئەو راستییە بهێننە بەرچاوی خۆیان كە لە كوردستانی ئازاد و سەربەخۆدا خەبات بۆ ئەو پرسانە بە هێز و توانایەكی زۆرتر و مەیدانێكی گەورەتری بۆ دەكرێتەوە. بەپێچەوانە مانەوەی كوردستانی باشوور لەم بەرزەخی نێوان سەربەخۆیی و گرێدراوی بە بەغدا، گرفتە ئابووری و سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بە هەڵپەسێردراوی و چارەسەرنەكراوییەكی زۆرتر دەهێڵێتەوە.

پێنجەم. رژیمی ئێران پێشێلكاری یەكەمی مافەكانی گەلی كورد لە هەموو ناوچەكە و تاوانباری یەكەمە لەحاست بزووتنەوەی رزگاریخوازانەی گەلی كورد و هەڕەشە كردنی نایاسایی ئەو رژیمە لە هەرێمی كوردستانیش هەر دەچێتە خانەی ئەو دژایەتییە. تا ئەو جێگەی دەگەڕێتەوە سەر هەڕەشەی كۆماری ئیسلامیی ئێران، ئێمە بەڕاشكاوی رایدەگەیەنین كە لە ئەگەری هەر دەستدرێژییەكی وەها دا ئێمە لە رێزی پێشەوە بەرەنگاری بەرامبەر بەو هێرشكارییەدا دەوەستینەوە. لەهەمان كاتدا، دەستێوردانی راستەوخۆ و نواندنی توندوتیژی و دەستدرێژی بۆ سەر كوردستانی باشوور لەلایەن ئێرانەوە، كە بەپێچەوانەی هەموو یاسایەكی نێونەتەوەییە، بێگومان دەبێتە هۆی نەفرەت و بێزارییەكی فراوانی گەلی كورد لە كوردستانی رۆژهەڵات و ئەگەری كاردانەوەی گەورە بەدژی رژیمی ئێران دەهێنێتە ئاراوە و ئێمە لە ئەگەری وەها دەستێوەردانێكدا بۆ هاندان و رێكخستنی ئەو كاردانەوەیە تێدەكۆشین. 

شەشەم. كوردی رۆژهەڵات هەمیشە پشتیوان و هاوخەم و هاوكاری خەباتی پارچەكانی دیكەی كوردستان و بەتایبەت خەباتی كوردی باشور بوون و ئەمجارەش بەدڵا و بەگیان پشتگیری لە ريفراندۆم و لە سەربەخۆییەكەی دەكەن. كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران هانی هەموو جەماوەری كوردستانی رۆژهەڵات، هەموو چالاكانی سیاسی و مەدەنی، هەموو لایەنە سیاسییەكان، و هەموو كوردێكی ئازادیخواز و خەباتكاری لای خۆمان دەكا كە بە هەر شێوەیەك بتوانن و بەگونجاوی بزانن ئەو سۆز و پشتیوانی و هاوخەباتییە دەربڕن.

كومیتەی ناوەندیی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران

28ی خەرمانانی 1396ی هەتاوی، 19ی سێپتامبری 2017ی زایینی