دامه‌زراوه‌یه‌كی عێراقی: له‌ هه‌رێمی كوردستان پارتی و له‌ عێراقیش لیسته‌كه‌ی عه‌بادی یه‌كه‌م ده‌بێت

ریزبه‌ندییه‌كانی له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان دیاریكردووه‌

K24 - هه‌ولێر:

دامەزراوەی رافیدەین بۆ دیالۆگ، لەبارەی رێژەی دەنگی لایەنە سیاسییەکان لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق راپرسییەکی  ئەنجامداوە و زۆرینەی بەشداربووانی راپرسییەکەش لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان پێیانوایە، پارتی دیموکراتی کوردستان لە پلەی یەکەم و هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەریش بە پلەی دووەم دێت.

لەسەر ئاستی عێراقیش بەشداربووان پێشبینیانکردووە، لەنێو لایەنە شیعەکان هاوپەیمانێتییەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق و لەنێو سوننەکانیش هاوپەیمانی نیشتمانی، بەسەرۆکایەتی ئەیاد عەلاوی زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمان بەدەستبهێنن.

به‌ گوێره‌ی راپرسییه‌كه‌، لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، پارتی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا 24 کورسی پەرلەمانی، هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەرەوەری، بەسەرۆکایەتی بەرهەم ساڵح، 18 کورسی، یەکێتی نیشتمانی 15 کورسی و یەکگرتووی ئیسلامیش 4 کورسی بەدەستدەهێنن.

هەرچی سەبارەت بە لایەنە شیعەکانە، هاوپەیمانێتی نەسر، بەسەرۆکایەتی حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق 50 کورسی.  هاوپەیمانی فەتح، کە زۆرینەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لەخۆدەگرێت بەسەرۆکایەتی هادی عامری 40 کورسی بەدەستدەهێنن.

ئەوەی جێگای سەرنجە بەشداربووانی راپرسییەکە پێشبینیان کردووە، هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، بەسەرۆکایەتی نووری مالیکی، بەپێچەوانەی خوولەکانی رابردوو رێژەی کورسییەکانی بۆ 28 دادەبەزێت و رەوتی حیکمەی نیشتمانیش بەسەرۆکایەتی عەممار حەکیم تەنیا 20 کورسی بەدەستدەهێنێت.

 لە راپرسییەکەدا بەشداربووان پێیانوابووە، هاوپەیمانی نیشتمانی، بەسەرۆکایەتی ئەیاد عەلاوی، لە خوولی ئەمجارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق 28 کورسی و حزبی حەل، بەسەرۆکایەتی جەمال کەربوولی، 13 کورسی و هاوپەیمانی قەرار، بەسەرۆکایەتی ئوسامە نوجەیفی، 10 کورسی بەدەستدەهێنن.

هەروەها لە راپرسییەکەدا پێشبینیکراوە، بەهۆی داگیرکردنی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، کۆی گشتی کورسییەکانی پارت و لایەنە سیاسییەکان، کە پێشتر 62 کورسی بوو، بۆ نێوانی پەنجا و شەش بۆ شەست کورسی دابەزێت.

 

ا. م