پەكەكە ھەڕەشەی تێكشكاندنی ئیمڕالی دەكات

"سیستمی ئیمرالی پارچە بکەن"

K24 - ھەولێر

كۆمیته‌ی به‌رێوه‌به‌ری پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لە راگەیەندراوێكدا بەبۆنەی یادی دەستگیركردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ھەڕەشە لە حكومەتی توركیا دەكات و رایدەگەیەنێت، سیستمی ئەشکەنجەی ئیمڕالی تێکدەشکێنن.

لە راگەیەندراوەكەی پەكەكە ھاتووە: "بە ئەزموونی 19 ساڵی رابردوو تێکۆشانمان گەورەتر دەکەین و بە تێکۆشانی گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان و دەرەوەی وڵات سیستمی ئەشکەنجەی ئیمڕالی تێکدەشکێنین و سەرکەوتنی گەورەتر بە دەست دێنین".

لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا پەكەكە رایگەیاندووە: "بانگەوازی هێزەکانی گەریلا و ئەندامانی پارتەکەمان، رێکخراوەکانی ژن و گەنجانمان، گەلەکەمان و دۆستانمان و هەموو هێزە دیموکراتخوازەکان دەکەین، لە دژی گەلەکۆمەی نێودەوڵەتیدا تێکۆشانیان چەند ئەوەندە بکەن و سیستمی ئیمڕالی پارچە بکەن، داوا دەکەین کە بە سەرکەوتن لە بەرخودانی عەفریندا بە داگیرکاری بڵێین نا، بانگەوازی دەکەین کە گەلی کورد و گەلانی تورکیا بە تێکشکاندنی فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپە خۆیان لە بەڵای فاشیزم رزگار بکەن".

عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری پەكەكە لە 15 شوباتی 1999، لە پرۆسەیەکی ھەواڵگرییدا، لە کینیا دەستگیرکرا، دوایتر بە فڕۆکەیەکی تایبەتی تورکیا لە لایەن رفێنەرەکانییەوە گواسترایەوە بۆ ئەنقەرە و لە دوورگەی ئیمڕالی بەندكرا.