زۆرترین بودجه‌ی عێراق به‌هه‌ده‌ر ده‌درێت

ته‌نیا له‌ 5%ی بودجه‌ی عێراق به‌ هه‌رێمی كوردستان دراوه‌
kurdistan24.net

K24 - هەولێر

لە دوای ساڵی 2005ـەوە حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق بودجەی گشتیی عێراقیان بە هەدەرداوە، بەجۆرێک لە کۆی 100٪ـی بودجەی گشتیی عێراق، ته‌نیا 5٪ـی بۆ هەرێمی کوردستان نێردراوە و بەغدا لە دوای 2012ـوە سیاسەتی بەرامبەر هەرێمی کوردستان گۆڕیوە.

بەغدا لە 2012ـەوە لە رێگەی بڕینی بودجە، هەوڵی دروستکردنی کێشەی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان داوە. چاودێرێکی سیاسی دەڵێ حكومەتی عێراق رێگەی دیکەی دژی هەرێمی کوردستان گرتەبەر، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو لەو کاتەوەشەوە، کار بەم سیاسەتە دەکات.

ناسیح غەفوور، چاودێری سیاسی لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 دەڵێ "(عێراق) لەڕووی سەربازییەوە هیچی پێنەکرا لەڕووی یاساییەوەش ناتوانن، چونکە بڕگەکانی دەستوور لە بەرژەوەندیی ئێمەدایە، بۆیە دەیانەوێت لەڕێگەی ئابوورییەوە، بەو فشارە، مووچە نەنێرن و کێشەمان بۆ دروست بکەن...من، تێبینی و گلەییم لە نوێنەرانی ئێمە هەیە لە بەغدا. بەداخەوە هەندێکیان گلەیی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن و هێرش دەکەنە سەر حکومەت؛ گوایە ئەو بودجەیەی بۆ ئێمە دێت، ئێمە وەکو پێویست خەرجی ناکەین".

جیاوازی بنیاتنانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی عێراق زۆرە، بەجۆرێک تادێت پارێزگاکانی عێراق لە رووی خزمەتگوزارییەوە بەرەو خراپتر دەچن، لە کاتێکدا بودجەیەکی گەورەشیان لەبەردەستە، بە پێچەوانەوە هەرێمی کوردستان بە هەموو ئەو قەیرانە داراییەی رووبه‌ڕووی بووه‌ته‌وه‌، له‌ بنیاتنانی پارێزگاکان بەردەوامە.

شارەزایەکی ئابووری لەڕێگەی کوردستان24ـەوە باس لەوە دەکات، بودجەی عێراق لە کوێ بەهەدەر دەدرێت، دەشڵێت حکومەتی عێراق لە ئاوەدانکردنەوەی پارێزگاکانیش بەکاری ناهێنێت.

محەمەد عەلی، شارەزای بواری ئابووری دەڵێ "ئەو یاسایەی لە عێراقدا بەناوی یاسای بودجە دەنگی پێدەدرا، بەهیچ شێوەیەک وەکو خۆی سوودی بۆ هەرێمی کوردستان نەبووە و جێبەجێ نەکراوە. حکومەتی عێراق زۆرجار بە ئەنقەست ویستوویەتی شکست بەو کارە جوانانە بهێنێت کە لە هەرێم دەکرا... دیارە ئەو پارەیەی بودجەی عێراق بەشێکی بۆ وڵاتانی دەوروبەر و مەزهەبێک بەکارهاتووە، بۆ بڵاوکردنەوەی ئەو مەزهەبە لە وڵاتانی لوبنان، سووریا و وڵاتانی دراوسێ".

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکیدا لەگەڵ ژمارەیەک میدیای عەرەبی ئاشکرای کرد، حکومەتی عێراق پابەندی رێککەوتنەکانی لە بارەی بودجە و دەستوور نەبووە. دەشڵێت لە کۆی لەسەدا 100ـی بودجەی گشتیی، عێراق 5٪ـی بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە و هەرێمی کوردستان بەو بڕە کەمە بنیاتراوە.

H.B.