گوته‌بێژی داعش: كۆرۆنا سه‌ربازێكی خودایه
K24 – هه‌ولێر:
ئه‌بو حه‌مزه قوڕه‌یشی گوته‌بێژی رێكخراوی "ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له عێراق و شام" ناسراو به داعش، له تۆمارێكی ده‌نگیدا، داوای له چه‌كدارانی رێكخراوه‌كه‌ی كرد، ده‌ست به ئاماده‌كاری بۆ ئه‌نجامدانی كرده‌وه‌ی تیرۆریستی بكه‌ن و نه‌هێڵن هیچ رۆژێك ده‌رباز بێت بێ ئه‌وه‌ی ئه‌وان كرده‌یه‌كی چه‌كداریان نه‌كردبێت.
له تۆماره ده‌نگییه‌كه‌دا، گوته‌بێژه‌كه‌ی داعش په‌تای كۆرۆنای به سزایه‌كی خودایی بۆ سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌كان وه‌سفكردووه و دڵخۆشی خۆی به بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تاكه له جیهاندا ده‌ربڕیوه و ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێی به "سه‌ربازێك له سه‌ربازه‌كانی خوداوه‌ند" وه‌سفكردووه.
گوته‌بێژه‌كه‌ی داعش، باسی له‌وه‌شكردووه، به پشتیوانی ئه‌مه‌ریكا، ده‌یانه‌وێت "چه‌كدارانی سه‌حوه" رێكبخه‌نه‌وه و جارێكی دیكه بكه‌ونه‌وه شه‌ڕی داعش. ئه‌وه‌شی گوتووه: "ئاماده‌بن و خۆتان رێكبخه‌نه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی دیكه وانه‌یان دابده‌ن".
ئه‌مه سێیه‌م تۆماری ده‌نگی گوته‌بێژی داعشه له دوای ئه‌وه‌ی ئه‌بو ئیبراهیم هاشمی قوڕه‌یشی كراوه‌ته جێگره‌وه‌ی ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی، كه له كۆتایی ساڵی رابردوو له سووریا له لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه كوژرا.
هه‌ڕه‌شه و په‌یامی نوێی گوته‌بێژی داعش له كاتێكدایه له ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان، جموجووڵی چه‌كدارانی داعش په‌ره‌ی سه‌ندووه و رۆژانه كرده‌وه‌ی تیرۆریستی دژ به خه‌ڵكی ناوچه‌كه و هێزه ئه‌منییه‌كان ئه‌نجام ده‌ده‌ن.
به رای شاره‌زایان و خه‌ڵكی ناوچه‌كه، هێزه ئه‌منییه‌كانی عێراق توانای كۆنترۆڵكردنی ره‌وشی ئه‌و ناوچانه‌یان نییه، كه له دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017ه‌وه پێشمه‌رگه تێیاندا نه‌ماوه و یه‌كلایه‌نه له لایه‌ن سوپای عێراقه‌وه خراونه‌ته‌وه ژێر ركێفی حكومه‌تی به‌غدا.