سوپای ئازادی سووریا هەڕەشەی لەناوبردنی یەپەگە دەکات

پێشوازی لە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر هێزە کوردییەکان دەکات

K24 – هه‌ولێر:

هاوپەیمانی نیشتیمانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا پێشوازی لە ئۆپەراسیۆنی تورکیا بۆ سەر هێزە کوردییەکان دەکات.

لە راگەیندراوێکدا، سوپای سووریای ئازاد دەڵێت: "هێزەکانی تورکیا بە هەماهەنگی لەگەڵ سوپای ئازادی سووریا بەردەوام دەبێت لە ئۆپەراسیۆنەکان و دژی "گروپە تیرۆرستییەکانی" رۆژهەڵاتی فورات دەجەنگین".

ئەم لێدوانەی ئۆپۆزسیۆنی سووریا لە دوای گفتوگۆی نێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان و دۆناڵد ترەمپ دێت کە تیایدا سەرۆکی تورکیا سووربوونی خۆی لەسەر هێرشکردنە سەر چەند بەشێکی سووریا دووپاتکردبووەوە.

عەبدولرەحمان موستەفا، سەرۆکی هاوپەیمانێتییەکە لەو بارەیەوە رایگەیاندووە: "خەڵکی سووریا  ئازار دەچێژن بەدەست رژێمەکەی بەشار ئەسەد و گروپە "تیرۆرستییەکانی" وەک سوپای قودسی ئێران، حزبوڵڵا و یەکینەکانی پاراستنی گەل".

ئەو هێزانەی نزیک لە تورکیا کە بەشێکییان جیهادی و تووندڕەون، یەپەگە بە "تیرۆرست" ناودەبەن و دەڵێن پشتگیری لە هەر هەوڵێکی تورکیا دەکەن بۆ لەناوبردنیان.

رۆژی هەینی، سوپای تورکیا پێگەکانی یەپەگەی لە رۆژهەڵاتی شاری حەلەب بۆردومانکرد، ئەمەش لە کاتێکیدا ئەو هێزە کوردییە شەڕی دژ بە داعش دەکات و بۆ ئەوەش تاکو ئێستا وڵاتانی رۆژئاوا و ئەمەریکا پشتگیری دەکەن.

سەرچاوە: شەرقلئەوسەت

H.J