بە ڤیدیۆ... ئاگر لە بەشەناوخۆییەكانی زانكۆی كۆیە كەوتەوە

"40 خوێندكاری كچ گەیەندرانە نەخۆشخانە"

K24 - ھەولێر

بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئاگر لە بەشەناوخۆیی كچانی زانكۆی كۆیە كەوتووەتەوە و ژمارەیەك خوێندكار بەھۆی دوكەڵەوە تەنگە نەفەسبوون و گەیەندراونەتە نەخۆشخانە.

عەمید عەلی عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی كۆیە بە كوردستان24 راگەیاند: "كاتژمێر 2 بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئاگر لە نزیك بەشەناوخۆیی كچانی زانكۆی كۆیە كەوتەوە، دوكەڵی ئاگرەكە لە رێگەی لولەكێشی بەشەناوخۆییەكە چووەتە ژوورەوە، بەم ھۆیەوە 40 خوێندكار تووشی تەنگە نەفەسی بوون و گەیەندرانە نەخۆشخانەی كۆیە".

گوتیشی: "بە گوێرەی زانیارییە سەرەتاییەكان، ئاگركەوتنەوەكە بەھۆی پاشماوە و زبڵ و خاشاكی بەشە ناوخۆییەكان بووە، لە سەرەتا وا بڵاوكرایەوە كە ئاگرەكە لەنێو بەشەناوخۆییەكانە، بەڵام ئاگرەكە لە نزیك نھۆمی یەكەمی بەشەناوخۆییەكان بووە، لە رێگەی لولەكێشەوە، دوكەڵ بەناو بەشەناوخۆییەكە بڵاوبووەتەوە".

راشیگەیاند: "ژمارەیەك خوێندكاری كوڕ كە بەھانای كچە خوێندكارەكان چوون، لەكاتی شكاندنی پەنجەرەكان بە سوكی برینداربوون".

بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی كۆیە ئەوەشی خستەڕوو: "لێكۆڵینەوەی زیاتر دەكەین بۆ زانینی ھۆكاری رووداوەكە".