ئێران پشتی کردە عەبادی

بەهۆی هەڵوێستەکانییه‌تی لەسەر سزاکانی ئەمەریکا

K24 – هه‌ولێر:

بەهۆی هەڵوێستە ناڕوونەکانی لەسەر سزاکانی ئەمەریکا بۆسەر ئێران، تاران چانسی دووەم بە حەیدەر عەبادی نادات تاکو ببێتەوە بە سەرۆک وەزیران.

رۆژی دووشەممە، عەبادی رایگەیاند ئەوان پەیڕەوی ئەو سزایانەی سەر ئێران دەکەن کە پەیوەندیان بە دراو و دۆلارەوە هەیە.

بەگوێرەی هەواڵێکی شەرقلئەوسەت، عەبادی هەفتەی رابردوو لەبارەی پابەندبوونی وڵاتەکەی بە سزاکانی ئێران رایگەیاندبوو: "ئێمە دەست لە مافی میلەتەکەمان هەڵناگرین. ئەوان دەیانەوێت فشاربخەنە سەر ئێمە تاکو لەسەر حیسابی خەڵکی عێراق ئێمە تەنازول بۆ چەتەکان بکەین".

ئەم لێدوانەی عەبادی تارانی وەڕەزکردووە و لە رێگای میدیا جیاوازەکانییەوە هێرشدەکاتە سەری.

سایتی خەبەری سەر بە ئێران لە راپۆرتێکییدا نووسیویەتی: "عەبادی چانسەکانی بۆ مانەوە وەک سەرۆک وەزیران لەدەستدا".

ئەو راپۆرتەی سایتی خەبەر لە ژێر ناونیشانی "عەبادی چۆن گۆڕا بۆ دوژمنی ئێران"، نووسیویەتی: "عەبادی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی لەگەڵ ئێران فەرامۆشکردووە و هەموو هەوڵەکانی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ داڕوخاوە".

ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێس، لە زاری بەرپرسێکی عێراقەوە ئاشکرایکردووە، سەردانی عەبادی بۆ تاران تەنها لەسەر ئەو هەڵوێستانەی بەرامبەر بە سزاکانی ئێران لەلایەن تارانەوە هەڵوەشێندراوەتەوە.

جیا لە ئێران، هاوئاوازانی ئێران لە عێراق، دژی هەڵوێستەکانی عەبادی وەستاونەتەوە، ئەمەش عەبادی دەخاتە بەر دووبژاردە، یان بە تەواوی پشت بە ئەمەریکا و رۆژئاوا دەبەستێت بۆ بوون بە سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق، یانیش ئەوەی لە هەڵوێستەکانی بەرامبەر بە ئێران پەشیمان دەبێتەوە.

H.J