لە قه‌ڵادزێ ھەڕەشە لە بەڕێوه‌بەری قوتابخانەیەک دەکرێت

نزیكەی 20 ساڵە لە بواری پەروەردە خزمەت دەكات
kurdistan24.net

K24 - قەڵادزێ

لە قەڵادزێ ھەڕەشە لە بەڕێوه‌بەری قوتابخانەیەک دەکرێ و لە ماوەی یەک ھەفتەشدا، دوو جار ھێرش دەکرێتە سەر ئۆتۆمبێلەکەی و دەشێوێنرێت. مامۆستا ھاوپیشەکانیشی، ئەو بەڕێوبەرە به‌ دڵسۆز و جیددی لە ئیش و کارە ئیدارییەکاندا وه‌سف ده‌كه‌ن.

بەڕێوبەری قوتابخانەکەش دەڵێت: "پێمان وایە ئەو پەلامار و ھەڕەشانە لەلایەن قوتابیان، یان کەسوکاریانەوە لێمان دەكرێت، لەکاتێکدا ئێمە جگە له‌ فێرکردن و پەروەردەیەکی تەندروست، ھیچی دیكەمان بۆ قوتابیان ناوێت".

عەلی محەممەد، كه‌ 19 ساڵ خزمەتی لە بواری پەروەردە و فێرکردندا ھەیە، لە چەند قوتابخانەیەک وەک بەڕێوبەری قوتابخانە بەرپرسیارێتی وەرگرتووە، ئێستا بەڕێوبەری قوتابخانەی بنەڕەتی ھێمنە لە قەڵادزێ، لەبارەی ئەو ھەڕەشانەی لەسەریەتی دەڵێ: "لە نامەیەكی ھەڕەشەم ھاتووە دەڵێ، سێیەم جارە ئاگادارت دەكەمەوە، تەداخولی ژیانی من نەكەیت، ئەگەرنا پەشیمانت دەكەمەوە، بەڵام من سڵ لەو شتانە ناكەمەوە، چونكە لەناو پرۆسەی پەروەردە و فێركردنین، ئەو نەوەی لەبەر دەستمانە دەبێ پەروەردە بكرێت، بۆ ئەوەی تاكێكی تەندروست بەرھەم بھێندرێت".

ھ.م