ئاسایشی هه‌ولێر داواكراوێك ده‌ستگیر ده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ئاسایشی هه‌ولێر، له راگه‌یه‌ندراوێكدا ده‌ستگیركردنی تۆمه‌تبارێكی ئاشكرا كرد، كه به مادده‌ی 14ی مادده هۆشبه‌ره‌كان داواكراو بوو.
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ئاسایشی هه‌ولێر، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه، 25ی نیسان/ ئه‌پریلی 2019 بڵاوی كرده‌وه، تۆمه‌تباره‌كه ناوی "ئەمیر فاروق، ناسراو بە ئەمیر قولی"یه و لەکاتی دەستگیرکردنیشیدا ڕووبەڕووی هێزەکان بووه‌ته‌وه، تەقەی کردووە و نارنجۆکێکی دەستی هه‌ڵداوه.
ئاسایشی هه‌ولێر، دڵنیایی ده‌داته هاووڵاتییان و دووپاتی ده‌كاته‌وه، كه هیچ تاوانبارێك له ده‌ستی یاسا رزگاری نابێت.
ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی ئاسایشی:
"راگەیەندراوێک لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر
ئەمرۆ نیوەڕۆ هێزەکانمان توانیان تۆمەتبار (ئەمیر فاروق) ناسراو بە (ئەمیر قولی) دەستگیر بکەن، کە فەرمانی دستگیرکردنی هەبوو بەپێی ماددەی (14)ی مخدرات و پێشوتریش لەسەر کەیسی کوشتن حوکمدرابوو و پێشینەی لەچەندین تاواندا هەبووە, لەکاتی دەستگیرکردنیشیدا ڕووبەڕووی هێزەکانمان بۆتەوە و تەقەی کردووە و نارنجۆکێکی دەستی هاویشتووە و پاشان بە برینداری دەستگیرکرا, لێرەدا هاووڵاتیان دڵنیا دەکەینەوە کە وەکو چۆن بەڵێنمان داوە هیچ تاوانبارێک لەدەستی یاسادا رزگاری نابێت.
راگەیاندنی
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر
25/4/ 2019"