عێراق ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ توركیا ئه‌نجام نادات

ئیبراهیم جه‌عفه‌ری نوێترین هه‌ڵوێستی وڵاته‌كه‌ی ده‌گه‌یه‌نێته‌ ئه‌نقه‌ره‌

K24 - هه‌ولێر:

ئیبراهیم جه‌عفه‌ری، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق، نوێترین هه‌ڵوێستی وڵاته‌كه‌ی، له‌ باره‌ی ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ توركیا، له‌ دژی په‌كه‌كه‌، راده‌گه‌یه‌نێت.

به‌ گوێره‌ی هه‌واڵێكی وێبسایتی "سۆمه‌ری نیوز"ی عێراقی، ئیبراهیم جه‌عفه‌ری، ره‌تیكردووه‌ته‌وه‌ ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌ هاوبه‌شه‌ له‌گه‌ڵ توركیا ئه‌نجام بده‌ن و رایگه‌یاندووه‌، ئێستا عیراق، كار بۆ بنیاتنانه‌وه‌ی وڵات ده‌كات.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق، جه‌عفه‌ری له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د یه‌ڵدز، بریكاری وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا كۆبووه‌ته‌وه‌ و پێی راگه‌یاندووه‌، عێراق له‌گه‌ڵ پێشێلكردنی سنووره‌كانی عێراقدا نییه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌ توركییه‌كانه‌وه‌ و دووپاتیشی كردووه‌ته‌وه‌، پێویسته‌ هێزه‌كانی له‌ باكووری مووسڵ و به‌عشیقه‌ش بكشێنێته‌وه‌.

جه‌عفه‌ری راشیگه‌یاندووه‌، رێگه‌ به‌ هیچ وڵاتێك ناده‌ن ده‌ست له‌ كاروباری ناوخۆی عێراق وه‌ربدات و ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌شیش له‌گه‌ڵ هیچ وڵاتێكی دراوسێ له‌ناو عێراق ئه‌نجام ناده‌ن.

پێشتر توركیا رایگه‌یاندبوو، دوای ته‌واوبوونی ئۆپه‌راسیۆنی چڵه‌ زه‌یتوونی عه‌فرین، ئۆپه‌راسیۆنێكی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ عێراق له‌ دژی چه‌كدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌) له‌سه‌ر سنووره‌كان ئه‌نجام ده‌ده‌ن، به‌ڵام وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق ئه‌نجامدانی ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ی ره‌تكرده‌وه‌.

 

ا. م