كارنامەی سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەڵمانیا ئاشكرا دەكرێت

چەند تەوەرێك لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە تاوتوێ دەكەن

K24 - ھەولێر

كارنامەی سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ ئەڵمانیا ئاشكرا كرا و لەم سەردانەیدا بۆ ئەڵمانیا لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە چەند تەوەرێك تاوتوێ دەكەن.

فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەتى هەرێمى کوردستان ئاشكرای كرد: "لە ماوەى سەردانەکەیدا نێچیرڤان بارزانى، لەگەڵ ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئەنگیلا مێرکڵ و هەریەك لە زیگمار گابریێل وەزیری دەرەوە و ئۆرسەڵا ڤۆندەرلاین، وەزیری بەرگری ئەڵمانیا کۆدەبێتەوە و سەردانى پەرلەمانی ئەڵمانیای فیدڕاڵ دەکات".

بە گوێرەی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی حكومەتی ھەرێم: "پەیوەندیە دووقۆڵیەکان و خستنەڕووى دوایین پێشهاتە سیاسى و ئەمنیەکانى ناوچەکەو شەڕى تیرۆریستانی داعش و رەوشى ئاوارە و پەنابەران و میکانیزمى چارەسەرکردنى پرسەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و دووپاتکردنەوەى هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنى پرسەکان بە رێگەى دیالۆگ و ئاشتیانە تەوەرى سەرەکى دیدار و کۆبوونەوەکان دەبن".

لەسەر بانگهێشتیی حکومەتی ئەڵمانیا، بڕیارە رۆژی دووشمەی داھاتوو شاندێكی حكومەتی ھەرێم بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان سەردانی وڵاتی ئەڵمانیا بكات.