عامری بووه‌ته مۆته‌كه بۆ گیانی عه‌بادی
K24 - هه‌ولێر:
رۆژنامه‌ی "العربی الجدید"، ئه‌مڕۆ شه‌ممه بڵاویكردووه‌ته‌وه، هادی عامری، سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی فه‌تح، كار بۆ ئه‌وه ده‌كات رێگه له حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی نه‌سڕ بگرێت، بێته ریزی هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ سائیروونی موقته‌دا سه‌در، كه به‌مدواییانه پێكیان هێنا.
به گوێره‌ی رۆژنامه‌كه، هه‌وڵه‌كانی عامری بۆ ئه‌وه‌یه، عه‌بادی له دووباره وه‌رگرتنه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، بێبه‌ش بكات، كه هیوایه‌كی زۆری به ویلایه‌تی دووه‌م هه‌یه.
رۆژنامه‌كه راشیگه‌یاندووه، هاوپه‌یمانی فه‌تح، كه نوێنه‌رانی گرووپه میلیشیاییه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی ده‌كات، مه‌رجه‌كانی بۆ هاوپه‌یمانی نه‌سری عه‌بادی زیاتركردووه، بۆ ئه‌وه‌ی رێگه له عه‌بادی بگرێت.
رۆژنامه‌كه له سه‌ر زاری به‌رپرسێكی هاوپه‌یمانی سائیروون، كه ناوه‌كه‌ی ئاشكرا نه‌كردووه، بڵاویكردووه‌ته‌وه، عامری هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران ده‌دات، ئه‌وه‌ش له رێگه‌ی دابه‌شكردنی پۆسته‌كانی دیكه له‌گه‌ڵ سائیروون.
به گوێره‌ی گوته‌كانی ئه‌و به‌رپرسه، له گفتوگۆكاندا ده‌ركه‌وتووه، عامری ده‌یه‌وێت به پۆستی وه‌زاره‌ته‌كان سائیروون به‌وه رازیبكات خۆی ببێته سه‌رۆك وه‌زیران، تا ئیستاش گفتوگۆكان له‌و باره‌یه‌وه به‌رده‌وامن.
ئه‌و به‌رپرسه ئاشكراشی كردووه، عامری ترسی له هاتنه ریزی عه‌بادی هه‌یه بۆ ناو هاوپه‌یمانێتی سائیروون و فه‌تح، كه تا ئێستا به‌و هاوپه‌یمانێتییه بوونه‌ته گه‌وره‌ترین كوتله‌ی ناو په‌رله‌مانی داهاتووی عێراق.
رۆژنامه‌كه مه‌رجه‌كانی عامری ئاشكرا ده‌كات، كه بۆ عه‌بادی دایناوه له به‌رامبه‌ر هاتنی بۆ ناو هاوپه‌یمانێتییه‌كه، ئه‌ویش داوا نه‌كردنی ویلایه‌تی دووه‌مه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا داوای پشكێكی زۆر له پۆستی وه‌زاره‌ته‌كان نه‌كات، به‌و پێیه‌ی ئه‌وه پشكی دوو كوتله گه‌وره‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش بۆ رێگه‌خۆشكردنه بۆ خۆی تا پۆسته‌كه وه‌ربگرێت.
ئه‌و رۆژنامه‌یه ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات، هێشتا یه‌كتربڕی زۆر له نێوان عامری و عه‌بادی ماون و به‌و ماوه كه‌مه ناتوانرێت كۆتاییان پێ بهێنرێت، له‌لایه‌كی دیكه‌وه، سه‌دریش ده‌یه‌وێت عه‌بادی بهێنێته ناو هاوپه‌یمانێتییه‌كه، ئه‌وه‌ش بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی گوشار و مه‌رجه‌كانی عامرییه، به‌ڵام بوونی خودی عامری له‌و هاوپه‌یمانێتییه‌كه، كۆسپێكی گه‌وره‌ی به‌رده‌م عه‌بادییه و ده‌بێته رێگر له‌به‌رده‌م پێكهێنانی هاوپه‌یمانێتی له داهاتوودا.
له لایه‌كی دیكه‌وه، عامر فایز، ئه‌ندامی هاوپه‌یمانی فه‌تح رایگه‌یاند، هاوپه‌یمانی سه‌در و عامری له‌سه‌ر پێدانی ویلایه‌تی دووه‌م به عه‌بادی رێكنه‌كه‌وتوون، دووپاتیشی كردووه‌ته‌وه، پێویست ناكات عه‌بادی وه‌رگرتنه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران بكاته مه‌رج، به‌ڵام ده‌توانێت خۆی بۆ ئه‌و پۆسته بپاڵێوێت، ئه‌و كات ده‌رده‌كه‌وێت قه‌بووڵ ده‌كرێت یان نا.
به گوێره‌ی میدیا عێراقییه‌كانیش، ئه‌مڕۆ هه‌ریه‌ك له سه‌در و عه‌بادی، له شاری نه‌جه‌ف به‌یه‌كه‌وه كۆبوونه‌ته‌وه، به‌ڵام تا ئێستا هیچ زانیارییه‌ك له باره‌ی ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه ئاشكرا نه‌كراوه.
ا. م