تانكێكی توركیا به چڕی سه‌نگه‌رێكی یه‌په‌گه بۆردوومان ده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
سوپای توركیا به‌رده‌وامه له هێرش و په‌لاماره‌كانی بۆ سه‌ر ناوچه‌كانی عه‌فرین و شه‌ڕ و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی سه‌خت له نێوان شه‌ڕڤانانی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل "یه‌په‌گه" و هێزه‌كانی سوپای توركیا و میلیشیا چه‌كداره‌كانی سووریا كه ئه‌نقه‌ره پاڵپشتیان ده‌كات درێژه‌ی هه‌یه.
به‌گوێره‌ی ڤیدیۆیه‌ك كه میدیای فه‌رمی ده‌وڵه‌تی توركیا بڵاویكردووه‌ته‌وه، سوپا به تانك و زرێپۆش بۆردوومانێكی چڕی سه‌نگه‌رێكی یه‌په‌گه ده‌كه‌ن و له ئاسمانه‌وه وێنه‌ی بۆردوومانه‌كه گیراوه.
له ڤیدیۆكه‌دا ده‌بینرێت كه چه‌ند شه‌ڕڤانێك له‌و دیوی سه‌نگه‌ره‌كه‌وه جموجوڵ ده‌كه‌ن و تانكێكی سوپای توركیاش پاش ئه‌وه‌ی له ئاسمانه‌وه جووڵه‌ی شه‌ڕڤانه‌كان ده‌بینێت، ئه‌و شوێنه بۆردوومان ده‌كات.
شه‌ڕه‌كه له شاره‌دیی راجۆی گونده‌واری عه‌فرینه و سوپای توركیا به تانكی "لیۆپارد" ھێرش و بۆردوومانه‌كه ئه‌نجام ده‌دات.
Türk Silahlı Kuvvetleri Zeytin Dalı Harekatı'nı sürdürüyor. Terör örgütü hedeflerinin TSK tarafından vurulma anları drone ile havadan görüntülendi.https://t.co/mah2iQKJGK pic.twitter.com/if5zlL6nnf
— TRT HABER (@trthaber) ٣١ يناير، ٢٠١٨
هه‌ر پاش بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و هه‌واڵ و ڤیدیۆیه، ژماره‌یه‌ك له سیاسییه‌كانی ئه‌ڵمانیا، داوایان له حكومه‌تی وڵاته‌كه‌یان كردووه، چیدیكه تانكی "لیۆپارد" به سوپای توركیا نه‌فرۆشێت.
توركیا به‌هێزێكی زۆری زه‌مینی و تانك و زرێپۆش و فڕۆكه و جۆره‌ها چه‌كی قورسه‌وه، له 20/1/2018ـه‌وه، به پاڵپشتی میلیشیا چه‌كداره‌كانی سووریا كه شه‌ڕ بۆ ئه‌نقه‌ره ده‌كه‌ن، هێرشیكردووه‌ته سه‌ر ناوچه‌كانی شاری عه‌فرین، هه‌ر چه‌نده چه‌ند پێگه و رووبه‌رێكی بچووكی خاك كه‌وتووه‌ته ده‌ستیان، به‌ڵام نه‌یانتوانیوه ئه‌و ئامانجه بپێكن كه ئۆپراسیۆنی "چڵه زه‌یتوون" هه‌یه‌تی و شه‌ڕڤانه‌كانیش به‌رگرییه‌كی توند ده‌كه‌ن.