ئێله‌گ زه‌رده‌كانی فه‌ڕه‌نسا به‌ناوبانگترین شه‌قامی پاریسیان سووتاند

دۆخه‌كه‌ ئاڵۆزه‌ و چه‌ندین ماركێتی به‌ناوبانگیان سووتاندووه‌

K24- هه‌ولێر:

به‌گویره‌ی ئاژانسی فرانس پرێس، خۆپیشاندانه‌كانی فه‌ره‌نسا پێی نایه‌ قۆناغێكی نوێ و گرژه‌وه‌ و، ئه‌مرۆ ئێله‌گ زه‌رده‌كانی ئه‌و وڵاته‌ له‌ 18ـمین هه‌فته‌ی خۆپیشاندانه‌كیانیان له‌ دژی سیاسه‌ته‌كانی ئیمانوێل ماكرۆن، سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته‌، ئاگریان له‌ ژماره‌یه‌ك دوكان و شوێنی بازرگانی شه‌قامی شانزیلیزێی پاریسی پایته‌خت به‌ردا و هه‌وڵ بۆ به‌رپا كردنی شۆڕش ده‌ده‌ن.

به‌م هه‌نگاوه‌ی ئێله‌گ زه‌رده‌كان به‌ تایبه‌ت دوای سوتاندنی بانكێك له‌ سه‌ر ئه‌و شه‌قامه‌، تیمه‌كانی ئاگركوژێنه‌وه‌ ناچار بوون شه‌قامه‌كه‌ جێ بهێڵن و وه‌ك فه‌رمانبه‌رانی ئاگركوژێنه‌وه‌ رایانگه‌یاندووه‌، "دایكێك و منداڵه‌ ساواكه‌یان له‌ ئاگره‌كه‌ رزگاركردووه‌، كه‌ له‌ نهۆمی دووه‌می بینایه‌ك گیریان خواردبوو"، ئاماژه‌یان به‌وه‌شداوه‌، به‌هۆی ئاگره‌كه‌وه‌ 11 كه‌س بریندار بوون، دووانیان پۆلیسن.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌، كریستۆڤ كاستنێر، وه‌زیری ناوخۆی فه‌ره‌نسا له‌ تویتێكدا له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی تویته‌ر نووسیویه‌تی، "ئه‌وانه‌ی ئه‌و كاره‌یان كردووه‌ نه‌ خۆپیشانده‌رن و نه‌ تێكده‌ر، به‌ڵكو ئه‌وان بكوژن".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌، "هه‌ندێك له‌وانه‌ ته‌نیا بۆ ئامانجی شكاندن هاتوون"، دووپاتیشیكرده‌وه‌، "نزیكه‌ی 1500 ئاژاوه‌گێڕ خۆیان خزاندووه‌ته‌ ناو نزیكه‌ی 7 بۆ 8 هه‌زار خۆپیشانده‌ر له‌ پاریس".

ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویكرده‌وه‌، خۆپیشانده‌ران ئاگریان له‌ چێشتخانه‌ی "لۆفكیتس"ـی به‌ناوبانگی شه‌قامی شانزیلیزێ، چه‌ند شوێنێكی دیكه‌ی بازرگانی، ماركێت و دوكانی كۆتاڵفرۆشی به‌رداوه و درووشمی "شۆڕش"ـیان به‌رز كردووه‌ته‌وه‌‌.

خۆپیشانده‌ران چه‌ند درووشمێكی دژ به‌ سه‌رمایه‌داری و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان به‌رز كرده‌وه‌ و هێرشی سه‌ر دوكانه‌كانیان كرد و زیانی زۆریان به‌ ژماره‌یه‌ك له‌ ماركێته‌ به‌ناوبانگه‌كانی ئه‌و شه‌قامه‌ گه‌یاندووه‌.

خۆپیشانده‌رێكی ده‌مامكدار ده‌می قسه‌كانی له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی فه‌ره‌نسا ده‌كات و ده‌ڵێت: "ئه‌وان وا ده‌زانن ده‌توانن ده‌مكوتمان بكه‌ن.. پێویسته‌ ئه‌وان باش بزانن كه‌ ئێله‌گ زه‌رده‌كان ده‌ستبه‌رداری هیچ شتێك نابێت".

وه‌ك میدیاكانی ئه‌و وڵاته‌ بڵاویانكرده‌وه‌، رێكخه‌رانی ئێله‌گ زه‌رده‌كان داوای سازكردنی خۆپیشاندانی هاوشێوه‌یان له‌ هه‌ریه‌ك له‌ ناوچه‌كانی بۆردو، لیۆن و مۆنبیلیێ و گه‌مارۆدانی "كۆشكی ئێلیزێ"، شوێنی مانه‌وه‌ی سه‌رۆك كۆماری فه‌ره‌نسایان كردووه‌.

H.B