چالاكوانانی بواری ژنان سكاڵا لەسەر مەلا مەزھەر تۆمار دەكەن

"سوكایەتی بە ژنانی كوردستان كراوە"
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

ئەمڕۆ ژمارەیەك چالاكوانی بواری ژنان لە سلێمانی، لە داواكاری گشتی سكاڵا دژی مەلا مەزھەر خوڕاسانی تۆمار دەكەن.

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا بەهار موونزیر، چالاكوانی بواری ژنان رایگەیاند: "لە داواكاری گشتی سكاڵا لەسەر مەلا مەزھەر، تۆمار دەكەین، لە رۆژانی رابردووشدا ویستم لە ھەولێر و سلێمانی لە رێگەی دادگا سكاڵا تۆمار بكەین، بەڵام سكاڵاكەم وەرنەگیرا، بۆیە نامەیەكی پشتیوانیمان بڵاوكردەوە، بۆ ئەوەی كەسانی دیكەش بێن سكاڵا تۆمار بكەن، لەسەر ئەو سوكایەتییەی بەرامبەر بە ژنانی كوردستان كراوە".

گوتیشی: "بەردەوام سوكایەتی بە ژنان دەكرێت و بێباكیش لە بەرامبەر ئەو بێ رێزیانەی دژی ژنان دەكرێت، نیگەرانی لای ژنان و خەڵكی ئازادیخوازی كوردستان دروستكردووە، بۆیە ئێمە رێگەی یاساییمان گرتووەتەبەر و دەمانەوێت لە رێگەی یاساوە ھەوڵبدەین، كە رێگری لەو سوكایەتییانە بكرێت كە بەرامبەر بە ژنان دەكرێت".

بەهار موونزیر، راشیگەیاند: "پارێزەری خۆبەخش ھەیە كە دەیەوێت كار لەسەر ئەو كەیسە بكات، دەمانەوێت لە چەند رۆژی داھاتوودا بە جدی كار لەسەر ئەو پرسە بكەین، بۆ ئەوەی ھەموو كەسێك بتوانێت لە كوردستان لەسەر پرسە گشتییەكان سكاڵا تۆمار بكات".

پێشتر وەزارەتی رۆشنبیری بەھۆی بڵاوبوونەوەی چەند گرتە ڤیدیۆەیەكی مەلا مەزھەر كە لە تەلەڤزیۆنەكەی خۆی بە نەرێنی باسی لە ژنانی كورد كردبوو بڕیاری داخستنی تەلەڤزیۆنەكەیاندا، دواتر بەڵێننامە بە مەلا مەزھەر پڕكرایەوە و بڕیاری كردنەوەی تەلەڤزیۆنی سرووشت درا.

ھ.م