ده‌رگا كراوه‌كانی ئه‌وروپا له‌ رووی په‌نابه‌ران داده‌خرێن

نوێترین هەڵوێستی وڵاتانی ئەوروپا لەبارەی پەنابەران بزانە

K24 - هه‌ولێر:

رۆژ دوای رۆژ پەنابەران زیاتر کێشەی سیاسی لە ئەوروپا درووست دەکەن. بەجۆرێک هەندێک جار باس لە ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی ئەوروپا دەکرێت، بەڵام هەڵوێستی وڵاتانی ئەوروپاش بەرامبەر بە پەنابەران گۆڕانکاریی بەخۆیەوە بینیووە.

دەزگای دۆیچە ڤێلەی ئەڵمانی لە راپۆرتێکیدا نوێترین هەڵوێستی چەند وڵاتێکی ئەوروپا لەسەر پرسی پەنابەران دەخاتەڕوو.

ئەڵمانیا:

پەنابەران کێشەی زۆریان بۆ ئەڵمانیا درووستکردووە، بەجۆرێک ئەگەر هەیە ئەنگێلا مێرکڵ، راوێژکاری ئەڵمانیا، بەهۆی کردنەوەی سنوورەکانی ئەڵمانیا بە رووی پەنابەران لە ساڵی 2014 پۆستەکەی لەدەستبدات.

لە نوێترین پێشهاتدا، مێرکڵ پشتگیریی لە پلانێکی یەکێتی ئەوروپا کردووە بۆ توندوتۆڵکردنی سنوورەکانی یەکێتی ئەوروپا و داواش دەکات یەکێتی ئەوروپا کۆببێتەوە تاکو بتوانن پێکەوە چارەسەرێک بۆ کێشەی پەنابەران بدۆزنەوە، ئەمەش گۆڕینی هەڵوێستی نەرمی مێرکڵ بەرامبەر بە پەنابەران نیشان دەدات.

 فەرەنسا:

حکوومەتی فەرەنسا یاساکانی لەسەر پەنابەران تووندترکردووە و داواش دەکات سنوورەکانی ئەوروپا بەهێزبکرێن و کۆنتڕۆڵی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە بوەستێندرێت.

فەرەنسا کار لەسەر پلانێک دەکات بۆ بوونی رێککەوتن لە نێوان ئەوروپا و ئەو وڵاتانەی پەنابەران لێی کۆچ دەکەن.

لە نوێترین گۆڕانکاریشیدا، پاریس ماوەی دەستبەسەرکردنی پەنابەرانی نایاسایی لە 45 رۆژەوە بۆ 90 زیاد کرد و سزای سەرپێچیشی تووندتر کردووە.

ئیتاڵیا:

حکوومەتی نوێی ئیتاڵیا تووندترین هەڵوێستی دژی پەنابەران نیشانداوە و داواش دەکات بە تەواوی کۆنترۆڵی سنوورەکانی یەکێتی ئەوروپا بکرێت.

هەفتەی رابردوو، ئیتاڵیا رەتیکردەوە کەشتییەکی پەنابەران وەربگرێت و هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە کەشتییەکە "نایاسایی" بووە.

یەکێک لەو هۆکارانەی بوونە هۆی هەڵبژاردنی ئەم حکوومەتە نوێیەی ئیتاڵیا، بەڵێنی دیپۆرتکردنەوەی پەنابەران و رەتکردنەوەیان بوو، ئەمەش وای لە ئیتاڵیا کردووە ببێتە دوژمنێکی نوێی پەنابەران لە ئەوروپا.

ئۆستریا(نەمسا):

ئۆستریا هاوشێوەی ئەڵمانیا داوای بەهێزکردنی سنوورەکان دەکات بە دامەزراندنی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی شارەزا و  پاسەوان تاکو رێگری بکرێت لە پەنابەرانی نایاسایی.

هەر لە سەرەتای رۆشتنی لێشاوی پەنابەران بۆ ئەوروپا، ئۆستریا هەڵوێستی هاوشێوەی وڵاتانی هەنگاریا و چیک و پۆڵەندا توند بوو بەرامبەر وەرگرتنی پەنابەران.

پۆڵەندا:

لە ساڵی 2015، پۆڵەندا هەڵوێستی توندی خۆی بەرامبەر بە وەرگرتنی پەنابەران خستەڕوو و لە ئێستاشدا داوای گۆڕینی یاسای پەنابەران و کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکانی ئەوروپا دەکات.