مه‌سرور بارزانى: پارتى سەر بۆ هیچ فشار و هەڕەشەیەک ناچەمێنتەوە

سه‌رۆک بارزانی رێبەر و هێمایەکی مه‌زنی نیشتمانییە

K24 – هه‌ولێر:

مه‌سرور بارزانى، راوێژكارى ئه‌نجوومه‌نى ئاسايشى هه‌رێمى كوردستان له‌ په‌يامێكدا كه‌ به‌ بۆنه‌ى له‌دايكبوونى سه‌رۆك بارزانى و ساڵڕۆژى دامه‌زراندنى پارتى ديموكراتى كوردستان، بڵاويكردووه‌ته‌وه‌، رايگه‌ياند، پارتى سه‌ر بۆ هيچ فشار و هه‌ڕه‌شه‌يه‌ك ناچه‌مێنێته‌وه‌.

له‌ په‌يامه‌كه‌دا سه‌باره‌ت به‌ سه‌رۆك بارزانى هاتووه‌: "بۆ من و سەرجەم دڵسوز و تێکۆشەرانی راستەقینەی نیشتمان، سه‌رۆک بارزانی رێبەر و هێمایەکی مه‌زنی نیشتمانییە‌، که‌ ته‌واوی ژیانی خۆی، بۆ سه‌رفرازی میلله‌ته‌که‌مان و چه‌سپاندنی ئاشتی و و په‌ره‌پێدانی که‌لتوری مرۆڤدۆستانه‌ و پێکه‌وه‌ژیانی گشت پێکهاتەکانی کوردستان تەرخان کردووە‌".

هه‌روه‌ها هاتووه‌: "پارتی بەهێزی زیاترەوە بەرەو ئایندەیەکی گەش هەنگاو دەنێت و سەر بۆ هیچ فشارێک و هەرەشەیەک ناچەمێنتەوە".

له‌ به‌شێكى ديكه‌ى په‌يامه‌كه‌ى مه‌سرور بارزانييدا هاتووه‌: "له‌گه‌ڵ به‌هێزیی پارتی، کوردستانێکی به‌هێزمان ده‌بێت و هەر پارتی وەک هەمیشە هەوێنی یەکریزیی ناوماڵی کوردستانیش دەبێت ".

16ى ئاب ساڵڕۆژى له‌دايكبوونى سه‌رۆك بارزانى و دامه‌زراندنى پارتى ديموكراتى كوردستانه‌ له‌ ژێر سايه‌ى ئاڵاى كوردستان له‌ مهاباد
16ى ئاب ساڵڕۆژى له‌دايكبوونى سه‌رۆك بارزانى و دامه‌زراندنى پارتى ديموكراتى كوردستانه‌ له‌ ژێر سايه‌ى ئاڵاى كوردستان له‌ مهاباد

ده‌قى په‌يامه‌كه‌

به‌ بۆنه‌ی 16ی ئاب ساڵڕۆژی دامه‌زراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و هاوکات له‌دایکبوونی جه‌نابی سه‌رۆک بارزانی، پیرۆزبایی گەرمی خۆم ئاراستەی سەرجەم پەیڕەوانی رێبازی پارتی و بارزانی و نیشتمانپەروەرانی کوردستان دەکەم.

بۆ من و سەرجەم دڵسوز و تێکۆشەرانی راستەقینەی نیشتمان، سه‌رۆک بارزانی رێبەر و هێمایەکی مه‌زنی نیشتمانییە‌، که‌ ته‌واوی ژیانی خۆی، بۆ سه‌رفرازی میلله‌ته‌که‌مان و چه‌سپاندنی ئاشتی و و په‌ره‌پێدانی که‌لتوری مرۆڤدۆستانه‌ و پێکه‌وه‌ژیانی گشت پێکهاتەکانی کوردستان تەرخان کردووە‌. وێڕای پێرۆزبایی، هیوای ته‌مه‌ندرێژیی بۆ جەنابیان ده‌خوازم.

به‌ده‌رفه‌تی ده‌زانم، سوپاس و پێزانینم ئاراستەی هه‌موو هه‌ڤاڵانی پارتی (پێشمه‌رگه‌، کادر، ئه‌ندام و لایه‌نگرانی) بکه‌م، که‌ وێرای هەموو سەختی و قەیرانەکان، به‌ هه‌وڵ و چالاکی به‌رده‌وامیان، پارتی لە سەر ئاستی نیشتمان و ناوچەکەدا بە پێشەنگی و هێزەوە ماوەتەوە‌‌.

لەم بۆنەیەدا له‌به‌رانبه‌ر شکۆی شه‌هیدانیشدا، سه‌ری رێز داده‌نوێنین و دووپاتیده‌که‌ینه‌وه که‌ هه‌میشه له‌ یادمان ده‌بن و خزمەتی خانەوادەی سەربەرزی شەهیدانیش بە ئەرکی هەرە لە پێشینەی خۆمان دەزانین.

مه‌سرور بارزانى، راوێژكارى ئه‌نجوومه‌نى ئاسايشى هه‌رێمى كوردستان
مه‌سرور بارزانى، راوێژكارى ئه‌نجوومه‌نى ئاسايشى هه‌رێمى كوردستان

پارتی، به‌ درێژایی 72 ساڵ خه‌باتی به‌ رێبه‌رایه‌تی بارزانی نه‌مر و جه‌نابی سه‌رۆک بارزانی، رۆژانی سه‌خت و پیلانی گه‌وره‌ی تێپه‌ڕاندووه‌، به‌تایبه‌تی له‌ شه‌ڕی دژ به‌ تیرۆر و دوژمنان و تێکشکاندنی پیلانی خیانه‌تکاران، لەمەولاش پارتی بەهێزی زیاترەوە بەرەو ئایندەیەکی گەش هەنگاو دەنێت و سەر بۆ هیچ فشارێک و هەرەشەیەک ناچەمێنتەوە.

ئه‌مڕۆ له‌ کاتێکدا ، ساڵڕۆژی دامه‌زراندنی پارتی پیرۆز ده‌که‌ین، پارته‌که‌مان وه‌ک هه‌میشه ئاڵا هه‌ڵگری به‌ده‌ستهێنانی مافه‌ڕه‌واکانی گه‌له‌که‌مانه‌ و لەو بۆنەیەشدا جەخت لە سەر خەباتی بێ وچانمان بۆ گەیشتن بە هەموو ئاوات و خواستە ڕەواکانی گەلەکەمان دەکەینەوە و لە هەمانکاتدا بە ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییەکانی گەلەکەمان لە سەر بنەمای رێزی دوولایەنە هەوڵی چەسپاندنی ئاشتی و پێکەوە ژیان لە گەل گشت نەتەوەکانی ناوچەکە دەدەین.

گۆڕانکارییه‌کانی ناوچه‌که‌، ئه‌وه‌مان لێده‌خوازێت  ئێمه‌ی هه‌ڤاڵانی پارتی ساز و ئاماده‌تر له‌ مه‌یدانی خه‌باتدا بین، چونکه‌ له‌گه‌ڵ به‌هێزیی پارتی، کوردستانێکی به‌هێزمان ده‌بێت و هەر پارتی وەک هەمیشە هەوێنی یەکریزیی ناوماڵی کوردستانیش دەبێت.

بژی کوردستان.

به‌ره‌و سه‌رکه‌وتنی زیاتر.

مه‌سرور بارزانی